دیار دێرسیم: بە پیرۆزکردنی نەورۆز دەبینە وەڵام بۆ داگیرکەران

هونەرمەند دیار دێرسیم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە دوای سەردانکردنی مانگرتووانی شاری هەولێر، وتی: بەم چالاکییە و بەرخۆدانە بێ کۆتاییە لەو باوەڕەداین فاشیزم بشکێت و گەلەکەمان سەر بکەوێت، بۆیە بە پیرۆزکردنی نەورۆز دەبینە وەڵام بۆ داگیرکەران.


دیار دێرسیم، هونەرمەندی دیاری کورد، کە ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی، بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز گەڕاوەتەوە وڵات و لە نەورۆزی بناری قەندیل بەشداری دەکات، لە سەرەتای سەردانەکەیدا بۆ باشوری کوردستان، ئەمڕۆ سەردانی مانگرتووانی هەدەپەی لە شاری هەولێر کرد و دواتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

دیار دێرسیم، لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: لە بەردەم ئەم چالاکی مانگرتنە کە بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن و ناسر یاگز دەستیپێکردووە، سەری خۆم دادەنوێنم، فاشیزمی دەوڵەتی تورک دەیویست ژیانێکی کۆیلایەتی لە سەر سەرۆکایەتی و گەلی کورد و بە تایبەت باکوری کوردستان بەڕێوەببات، باوکوری وەک زیندانێکی کراوەی لێکردووە بۆ هەموو سیاسەتمەدار و چالاکوانەکانی، بۆیە بەم چالاکییە و بەرخۆدانە بێ کۆتاییانە لەو باوەڕەداین فاشیزم بشکێت و گەلەکەمان سەر بکەوێت.

ئەو هونەرمەندە لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: منیش وەک هونەرمەندێکی ئەم گەلە ویستم زیارەتی ئەم هەڤاڵانە بکەم و سوپاسگوزاری بەرخۆدانیان بکەم، لە هەر کوێیەک دەبێت با ببێت، گەلی ئێمە لە باکور و باشور و ڕۆژئاوا لە بەرخۆداندان، ئیدی ئەم سەد ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام سیاسەت دەگۆڕدرێت، بەڵام هیچ گەلێک هێندەی گەلی ئێمە بە شانس نییە، چونکە ئەم سەدەی بیستویەکە بە بەرخۆدانی گەلەکەمان دەرفەتێکی باشی خستووەتە بەردەم گەلەکەمان و ئەگەر هەموو ڕۆڵەکانی کورد یەکگرتوو بین، ئەوە سەرکەوتنی خۆمان مسۆگردەکەین.

دیار دێرسیم نەورۆزی لە هەمووان پیرۆزکرد و وتیشی: هیوادارم نەورۆز ببێتە نەورۆزی سەرکەوتن و ئەو فاشیزمانەی کە بەردەوام زوڵم لە گەلی کورد دەکەن لە ناویان بەرین و بە هەنگاوی مەزن و هیوای گەورەوە بەرەو پیری ئازادی هەنگاو بنێین، بەم پیرۆزکردنە جەماوەرییە ببینە وەڵام بۆ داگیرکەران.

س.ح