دەستەی ژینگە: هیچ پاڵاوگەیەکی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی یاسایی نییە

سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە هیچ پاڵاوگەیەكی سوتەمەنیی لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی یاساییان نییە، ڕاشیدەگەیەنێت: لە كۆی ٢٠٠ پاڵاوگە تەنها ٢٨-یان دەهێڵدرێنەوە و ئەوانی دیکە دادەخرێن.


ئەمڕۆ لە بینای دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر، هەڵۆ عەسکەریی، سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی سەبارەت بە پاڵاوگەکانی سوتەمەنیی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا، ڕایگەیاند: سەرجەم كۆمپانیاكانی نەوت و غاز بانگهێشتكراون بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی پیسكردنی ژینگە و ڕێگرییكردن لە پیس بوونی ژینگە و لێپرسینەوە و داخستنی ئەو پاڵاوگانەی دژی ڕێنماییەکانمان کاردەکەن.

هەڵۆ عەسکەریی، وتیشی: تا ئێستا هیچ پاڵاوگەیەك لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی یاساییان نییە، بەڵام هەندێک پاڵاوگە لەلایەن هەندێک كۆمپانیاوە بەناوی كارگەی قیر کراونەتەوە، كە ئەوەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی حكومەتی هەرێمە.

سەرۆکی دەستەی پاراستنی ژینگە، ڕاشیگەیاند: کە لە مانگی شەش-ی ئەمساڵ، بڕیارێك لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی هەرێمیی بۆ كاروباری غاز  دەركراوە، بۆ داخستنی سەرجەم ئەو پاڵاوگانەی كە بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگە و دەبێت خاوەنی پاڵاوگەكە شوێنی پاڵاوگەگەش چاك بكاتەوە.

هەڵۆ عەسکەریی، سەرۆکی دەستەی پاراستنی ژینگە، وتیشی: بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە كۆی ٢٠٠ پاڵاوگە تەنها ٢٨-یان دەهێڵدرێنەوە و ئەوانی دیکە دادەخرێن، ئەو ٢٨ پاڵاوگەیەش هیچیان مۆڵەتی فەرمییاننییە، بەڵام دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە ٢١ مەرجی بۆ كاركردنیانداناوە تا بتوانن کاربکەن، ئەگەریش پابەندی ڕێنماییەکان نەبن ئەوانیش دادەخرێن.

 

ش.ف