دەستەی ژینگە هەڵدەوەشێتەوە و دەخرێتە ناو وەزارەتی شارەوانییەوە

لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەی ژینگە دەخرێتە سەر وەزارەتی شارەوانی، وتەبێژی دەستەکەش ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا ئەوان بە فەرمی لەو بارەیەوە ئاگادارنەکراوەنەتەوە، چالاکوانانی ژینگەش دەڵێن: هەنگاوێکی لەو شێوەیە زیان بە کەرتی ژینگە دەگەیەنێت.


بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دەست ئاژانسی ڕۆژنیوز كەوتووە، لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە و لەگەڵ وەزارەتی شارەوانیی هەرێم تێكەڵ دەکرێت و چیتر ژینگە وەک دەستەیەکی سەربەخۆ نەمێنێتەوە.

هەندرێن شێخ راغب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەوان تا ئێستا بە فەرمی لە بڕیارێکی لەو شێوەیە ئاگادارنەکراونەتەوە، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ماوەیەکە ئەو دەنگۆیە هەیە و نازانن تا چەند دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەبارەی ئەگەری پەیوەستکردنی دەستەی ژینگە بە وەزارەتی شارەوانیەوە، هەندرێن شێخ راغب ڕایگەیاند: ئەگەر پلانێکی لەو شێوەیە هەبێت، دەبێت لە کارنامەکەشیدا ئەوەی تێدا بێت کە بە چ ڕێگایەک دەستەی ژینگە لەناو وەزارەتی شارەوانیدا خزمەت بە بواری ژینگە دەکات، "چونکە ژینگە کەرتێکی گرنگە لە هەرێمی کوردستان".

بەپێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەندی کرد، پێویستە وەزارەتی ژینگەی هەرێم دابمەزرێت و ئەنجومەنێکیشی هەبێت بەناوی "ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمدا"، بەڵام دواتر و لە ساڵی ٢٠١٠، پەرلەمان یاسای دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانی پەسەند کرد و کاروبارەکانی ژینگەی هەرێم بەو دەستەیە سپێردرا.

ئاسۆ شكاك، سەرۆكی ڕێكخراوی ئاڤیاری ژینگەیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە خەمی ژینگەدا نەبوو و نەیتوانی خزمەتێكی باش بە بواری ژینگە بكات، بەڵام ئەگەر دەستەی ژینگە بچووک بکرێتەوە ئەوا زیانێكی زۆر بە بواری ژینگە دەگات.


سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیار، وتیشی:"پێویستە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری جدیی بكات بۆ ئەوەی پەرە بە بواری ژینگە بدات لە هەموو ڕوویەکەوە، نەوەک بچوكتری بكاتەوە، لە ڕاستیدا پێمان باشە ئەو دەستەیە بكرێتەوە بە وەزارەتێكی سەربەخۆ، بۆئەوەی بتوانێت خزمەتی زیاتر بە ژینگەی هەرێمی كوردستان بكات".

هەڵوەشانەوەی دەستەی ژینگە، لە چوارچێوەی بچوککردنەوەی هەیکلەی ئیداریی دێت، کە دەوترێت لە کابینەی نوێدا بە تێکەڵکردن و هەڵوەشانەوەی چەند وەزارەت و دەستەیەک، ئەنجام دەدرێت.

بە پێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 1992ی ئەنجوومەنی وەزیران، کە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسندکراوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستکراوەیە بە گەورەکردن و بچوککردنەوە ھەیکەلی ئیداریی حکومەتەکەی، ئەو ڕێکارەش دەبێت لە پەرلەمانەوە متمانەی پێبدرێت.

ش.ف