زبڵ جوانییەکانی گۆیژەی نەهێشتووە

گۆیژە یەکێکە لە سەیرانگا جوان و سەرەکیییەکانی سلێمانی و ڕۆژانە هەزاران کەس ڕووی تێدەکەن، بەڵام لەناو زبڵ و خۆڵ دا ون بووە، هاوڵاتیان بەرپرسان و بەرپرسانیش هاوڵاتیان بە خەتاباری ئەو دیاردەیە دەزانن.


شاخی گۆیژە کەوتووەتە باکوری شاری سلێمانییەوە، ئەو چیایە کە لەوێوە هەموو شاری سلێمانی دیارە یەکێکە لەو شوێنانەی کە خەڵک بۆ سەیران و وەرگرتنی پشوویەک ڕووی تێدەکەن، بەتایبەتی لە وەرزی گەرمادا هاوڵاتیان دەچنە گۆیژە و لەوێ هەوای فێنک هەڵدەمژن.

بەهۆی ئەو تایبەتمەندیانەیەوە، هەم هاوڵاتیانی سلێمانی و هەم ئەو گەشتیارانەی دێنە سلێمانی دەچنە گۆیژە و لەوێ خواردن و خواردنەوە دەخۆن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژینگەکەی نەپارێزراوە دیمەنێکی ناشیرینی بەخۆیەوە گرتووە.

لەم وەرزەی ساڵ دا کە پلەی گەرما تا ٤٣ پلەش بەرزدەبێتەوە، ئێواران هەموو شوێنێکی گۆیژە پڕدەبێت لە خەڵک، لە پیرەوە تا منداڵ ڕوودەکەنە گۆیژە، بەڵام پاش گەڕانەوەیان بۆ ناو شار، بەهۆی بەجێهێشتنی زبڵ، پلاستیک، نایلۆن و پاشماوەکانیان گۆیژە دیمەنێکی ناشیرینی پەیدادەکات، ژینگەکەی ئەوەندە پیس دەبێت کە هیچ شوێنێک بەکاری دانیشتن نەیەت.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە هەر ئەو هاوڵاتیانەی چیاکە پیس دەکەن، چەند ڕۆژێک دواتر دەچنەوە گۆیژە و لەناو ئەو زبڵانەدا سەیران دەکەن، هیچ کامەشیان ناڕازی نین بەرامبەر بەو دۆخە و یەکتر ئاگادارناکانەوە، لەویش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە شارەوانی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هیچ هۆشداری و تابلۆیەکیان لە چیای گۆیژە دانەناوە بۆ ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیان بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە.

هەر بەهۆی ئەو زبڵانەوە زۆر جار ئاگر لە چیاکە دەکەوێتەوە، بۆ نموونە هەندێک لە هاوڵاتیان کە بۆ دروستکردنی خواردن ئاگردەکەنەوە، پاش ڕۆیشتنیان ئاگرەکە ناکوژێننەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە چیاکە و سووتانی گیا و درەخت و گیانلەبەرەکانی گۆیژە، هەر ئەم جەژنە بوو کە جارێکی دیکە ئاگر لە چیاکە کەوتەوەو زیانێکی زۆری بە سروشت و ژینگەی سنوورەکە گەیاند.

فرۆشیارەکانی چیای گۆیژە دەڵێن، کە شارەوانی مانگی جارێک چیاکە پاکدەکاتەوە، ئەوەش هەم دیمەنی چیاکەی ناشیرین کردووە و هەم زیانی قورس دەگەینێت بە چیاکە.

بە پێچەوانەوە ڕزگار ئەحمەد حسێن، بەرپرسی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانیی سلێمانی لەو بارەیەوە دەڵێت، کە هەموو ڕۆژێک چیاکە پاکدەکەنەوە، ناوبراو هاوڵاتیان بە خەتابار دەزانێت و دەڵێت: هاوڵاتیان بەرامبەر بە ژینگە هەستیار نین، بۆیە چیاکە پیس دەبێت.

ڕزگار ئەحمەد ئەوەش دەڵێت، کە تیمەکانی شارەوانی کیسی زبڵ دەدەنە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی زبڵەکانیان بخەنە ناوییەوە، بەڵام ئەو شوێنانەی ئێمەت پێیاندا ڕۆیشتین هیچ کیسێکی زبڵی لێنەبوو!.

ڕزگار باس لەوەش دەکات، سەرەتا سەتڵی زبڵمان دانا، بەڵام هاوڵاتیان ئەو سەتڵانەیان شکاند، پاشان بەرمیلی ئاسنیمان دانا بۆ ئەوەی نەشکێندرێن، بەڵام هاوڵاتیانی گوندەکان بەرمیلەکانیان برد بۆخۆیان.

هەروەها ئەوەشی وت، کە تیمە ئاگرکوژێنەوەکانیان لە ناوچەکەدا هەن.

جێگای ئاماژەیە، جگە لە پیسبوونی ژینگەکەی، ئەو هاوڵاتیانەی سەردانی گۆیژە دەکەن، ڕەخنەی ئەوە دەگرن، کە هەرچەندە ستوون و گڵۆپ بۆ چیاکە دابینکراوە، بەڵام بەبەردەوامیی کارەبای نییە و شەوان لە تاریکیدا دادەنیشن.

س.ح