زبڵ و مادەی پلاستیک ژینگەی هەرێمی کوردستان وێران دەکەن

لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە، ٦٠٪ی ئەو زبڵانە لە مادەی پلاستیک پێکدێت، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا دوو ناوەندی ڕیسایکلینگ هەیە و زۆربەی ئەو زبڵانە هەر لە سروشتدا دەمێننەوە و زیانێکی زۆر دەگەیەنن بە ناوچەکە و تەندروستیی هاوڵاتیان.


بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی جیهان، پێداویستییەکانیش زیاد دەکەن، بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستییانەش هەموو ڕێگایەک بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەو ڕێگایانە لەسەر بنەمای پاراستنی ژینگە نین، بۆیە تا دێت سەرچاوە بنەڕەتییە سروشتییەکان کەم دەکەن.

یەکێک لەو مادانەی زۆر بەکاردەهێندرێت پلاستیکە، پلاستیک هەم سووکە و هەم بەئاسانی بەکاردەهێندرێت، لە سەدەی ٢١ دا ئەو مادەیە زیاتر لە هەموو کاتێک پێی ناوەتە ژیانی خەڵکەوە، ئەوەش زیانی زۆر قورس بە ژینگە و بە ژیانی هاوڵاتیان دەگەیەنێت.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان پلاستیک بۆ زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ لەناو ژینگەدا دەمێنێتەوە، لە هەر شوێنێکیش ئەو مادەیە هەبێت کشتوکاڵ لە سەر خاکەکەی ئاستەم دەبێت.

لەبەرامبەر ئەوەدا لە زۆر وڵات بەکارهێنانی پلاستیک قەدەغە دەکرێت و لەجیاتیی ئەو شتی دیکە دادەنرێت، لە هەندێک وڵاتیش کارگەکانی ڕیسایکلینگ بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاستیک دروست دەکرێن، بەڵام لە وڵاتانی تازە پێشکەوتوودا هیچ بیرێک لەوە نەکراوەتەوە، پلاستیک بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانی زۆر قورس بە ژیانی هاوڵاتیان دەگەیەنێت.

لە هەرێمی کوردستانیش یەکێک لەو مادانەی زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە بەکاردەهێندرێت پلاستیک و نایلۆنە و ئەوەش سروشتی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە سێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک، ڕۆژانە ١٠ هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە، لوقمان شێروانی، بەرپرسی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کە ٥٥٪ بۆ ٦٠٪ی ئە زبڵانە پلاستیک و نایلۆن و کاغەزن.

لە شاری سلێمانی ڕۆژانە هەزار و٢٠٠ تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە، ڕزگار ئەحمەد، بەرپرسی ژووری ژینگەی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، کە ڕۆژانە ٤٧٥ کیلۆمەتر دووجا لە زبڵ پاکدەکەنەوە.

ئەو زبڵانەی کۆدەکرێنەوە ڕەوانەی شوێنێکی دەرەوەی شار دەکرێن، لەوێ زەوی هەڵکەندراوە و زبڵەکان دەڕێژرێنە ناویانەوە، بەڵام چونکە زۆربەی ئەو زبڵانە پلاستیکن، لەناو خاکدا ناتوێنەوە و زیانی زۆر بە خاکی ناوچەکە دەگەیەنن، ئەو زبڵخانانە تا دەچێت گەورەتر دەبن و بەرەو شوێنی ژیانی هاوڵاتیان پێشڕەویی دەکەن.

بەگوێرەی قسەکانی ڕزگار ئەحمەد، ئەو شوێنەی لە سلێمانی زبڵەکانی تێدا کۆدەکرێتەوە ٢٣٠ کیلۆمەتر دووجایە، لەو شوێنە چاڵی بە قووڵایی ١٠ مەتر و ڕووبەری ١٠٠ مەتر هەڵکەندراوە و زبڵەکان لەناویاندا بەتاڵدەکرێن، ئەو چاڵانەی هەفتەی جارێک پڕدەکرێنەوە سەریان دادەخرێت پاشان شوێنی دیکە هەڵدەکەندرێت.

ڕزگار دەڵێت، کە ئەوان لە ساڵی ٢٠٠٥دا هەوڵیاندا بۆ دامەزراندنی سیستمی ڕیسایکلینگ و پرۆژەیان بۆ ئەو مەبەستە دیاریکردووە، بۆ ئەوەش لەگەڵ چەند کۆمپانیاییەک گرێبەستیان واژۆکردووە، بەڵام دەستەی وەزیران بە بەهانەی قەیرانی دارایی بودجەی بۆ پرۆژەکە تەرخان نەکردووە.

لە پارێزگای هەولێریش ڕۆژانە هەزاران تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە، لوقمان شێروانی دەڵێت، کە لە پارێزگای دهۆک دوو ناوەندی ڕیسایکلینگی زبڵە پلاستیکییەکان هەیە، بەڵام زۆر کەمە، دەشڵێت، پرۆژەی سیستمی ڕیسایکلینگ بۆ هەولێر و سلێمانیش ئاراستە کراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەنگاو نەنراوە بۆ دروستکردنیان.

هاوڕێ یاسین شارەزا لە بواری ژینگە، دەڵێت: پلاستیک خاک ژەهراوی دەکات و خاک ناتوانێت پلاستیک لەخۆیدا بتوێنێتەوە، هەروەها ئەو پلاستیکانە زیان بە تەندروستی هاوڵاتیانیش دەگەیەنن، ئەو بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانی دا: ئەگەر زبڵی پلاستیکی لە شوێنە سەوزاییەکان فڕێ بدرێن، سەوزاییەکان وشک دەبن، واتە خاکی ئەو شوێنە ژەهراوی دەبێت، تەنانەت ئەو شتانەی وا لەو شوێنانە شین دەبن، هەڵگری ئەو ژەهرە دەبن و بەو شێوەیە ژەهرەکە دەگوازرێتەوە بۆ جەستەی هاوڵاتیان.

یاسین باسی ئەوەشی کرد، کە ئەوە کێشەیەکی جیهانییە و هەندێک لە وڵاتان ئەو کێشەیەیان چارەسەر کردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەهۆی گەندەڵیی سیاسی و ئابوری  گرنگی بەو پرسە نادرێت.


ک.ک