زریان و گەردەلولی زەبینە ژیان لە بەشێکی ئەوروپا دەوەستێنێت

بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، زریان و گەردەلولی زەبینە، ئێوارەی ئەمڕۆ دەگاتە ئەوروپا بە گشتیی و ئەڵمانیاش زۆر بە توندیی دەگرێتەوە، بەو هۆیەشەوە دەوامی فەرمیی و گەشتەکان ڕادەگیرێن.


بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئێوارەی ئەمڕۆ زریان و گەردەلولێکی بەهێز، کە زانایانی کەشناسی ناویانناوە 'زەبینە' ڕوودەکاتە ئەوروپا بە گشتیی و بەشی باکور و خۆرئاوای ئەڵمانیاش بە توندی دەگرێتەوە.

ئەندریاس فریدریش، یەکێک لە زانایانی دەستەی ڕوانگەی ئەڵمانی بە ئاژانسی دۆیچەوۆلەی ئەڵمانی ڕاگەیاندووە:"ئەو گەردەلول و زریانەوە پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن".

هەمان دەستە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەو گەردەلولە لە زەریای ئەتلەسییەوە هەڵدەکات و کاریگەریی تووندی دەبێت لەسەر ناوەڕاست و باکوری ئەڵمانیا، هەروەها وتوشیەتی "ئەگەری ئەوەی هەیە ئەو گەردەلولە وێڕای ئەوەی زریانێکی ساردی لەگەڵ خۆیدا بهێنیت، خێراییەکەی بگاتە ١٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە کەناری دەریای باکور"، هەر بەو بۆنەیەوە هۆشداریی ئەوەشی داوە بە هاوڵاتیان هەتا دەتوانن خۆیان بەدوور بگرن لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبیل و گەشتکردن.

سەبارەت بە هەمان بابەت، کۆمپانیای ڕێگە ئاسنینەکانی ئەڵمانیا کە بە (DB) ناسراوە، وەستانی هەموو شەمەندەفەرەکانی ڕاگەیاند لە ئێوارەی ئەمڕۆ تا بەرەبانی سبەینێ، داوای لە گەشتیاران کرد گەشتەکانیان بۆ دوای ١١ مانگ دوا بخەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی (نۆردن ڕاین وێستفالن) بەڕێوەبەری خوێندنگاکانی سەرپشک کرد، لەوەی ڕۆژی دووشەممە کە یەکەم ڕۆژی هەفتەیە، وەکو پشوو ڕابگەیەنن.

هەروەها، ڕۆژنامەی بیڵد، یەکەمین وێنەی گرافیکی ئەو گەردەلولە و زانیارییەکانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە داوە، کە خێراییەکەی بە گشتیی لەنێوان ٧٠ - ٨٥ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، لە هەندێک شوێنی کەنار دەریاش دەگاتە ١٠٠-١٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمیرێکدا.

ش.ف