وهزیرى ژینگەی عێراق ڕایگهیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئاب نزیکەی ١٠٠ ڕۆژ لە ناوچەکانى وڵاتەکەمان خۆڵباریووە هەموو ڕۆژێکی خۆڵبارینەکەش ١٠ ملیار دینار زیان بەئابوریی عێراق گەیشتووه ..
جاسم فەلاحی، وەزیری ژینگەی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، لەئێستادا گەورەترین ئەو گۆڕانکارییانەى ڕووبەرووی وڵاتەکەمان دەبێتەوە بریتییە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژینگەی عێراق درووستکردووە، لەناویاندا شەپۆلەکانی خۆڵبارین، کە لەماوەی چەند مانگی ئەمساڵدا ١٠٠ ڕۆژ دیاردەى خۆڵبارین تێییدا ڕوویداوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى ژینگەى عێراق لەبارەى زیانە مادییەکانى خۆڵبارین لە عێراق ئەوەى خستووەتەڕوو، شەپۆلى خۆڵبارین لە ناوچەکەمان ڕۆژانە زیانی ١٠ ملیار دیناری گەیاندووە بە دارایی وڵاتەکەمان، واته لەو ١٠٠ ڕۆژهدا زیانى یهك ترلیۆن دینارى بهعێراق گهیاندووه.
فەلاحی وتيشی: کەمی سەرچاوەکانی ئاو، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین، زیادبوونی تێکچوونی زەوی و فراوانبوونی ڕووبەری بەبیابانبوونی زەویی، ئەو ئاستەنگانەن، کە مەترسیان لەسەر ئاسایشی خۆراک و ژینگەی وڵاتەکەمان دروستکردووە.
وەزیری ژینگەی عێراق باسیلەوەشکردووە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما پێویستی بەزیادکردنی بەکاربردنی وزەیە، بەتایبەت وزە پاک و نوێبووەکانی وەک وزەی خۆرو وزەی با، لەسەر ئەو بنەمایەش وەزارەتەکەمان کار لەسەر جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک دەکات، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوە و بەفیڕۆنەدانی سەرچاوەکانی وزە لەوڵاتدا.
ساڵی ڕابردوو بانكی نێودەوڵەتیی هۆشداریدا لە كەمبوونەوەی ٢٠٪ی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق تا ساڵی ٢٠٥٠ بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا، هاوکات یەکێکی دیکەش لە هۆکارەکان دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو بەنداوانەی تورکیا و ئێران لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دروستیان کردووە.
لە ڕۆژى ٥ ى مانگى ٦ ى ئەمساڵ ڕاوییە مەزعەل مەحمود، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دارستانەکان و بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون لە وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق ڕایگەیاند، لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ملیۆنێک و ٧٤٧ هەزار دۆنم زەویی کشتووکاڵیی و ڕووپۆشی ڕووەکیی بوونەتە زەوییەکی وشک و بێبەرهەم، ئەمەش کاریگەریی کردووەتە سەر پلانی کشتوکاڵیی لە عێراقدا.
لە رۆژى ١٥ ى مانگى ڕابردوودا ئێران و عێراق یاداشتێکی هاوبەشیان بۆ ڕووبەڕووبەنەوەى خۆڵبارین و ڕاگرتنى هاوسەنگىی ژینگە واژۆکرد و بڕیاریاندا، کە پاشماوەی نەوت بەكاربهێنن لە بیابانەكان، تا ڕێگریی لە خۆڵبارین بكەن و ڕێژەی سەوزایش بە پێی ستانداردە جیهانییەكان زیاد بكەن.
ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی كەمبارانیی و وشكەساڵییەوە، ژینگەی عێراق ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە و چەندین جار لەو بارەیەوە هۆشداری دراوە و داوای دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی كراوە لە عێراقدا.
ئ.م