زەوی باجی پیسبوونی دەدات.. سروشت دوای چەندین ساڵ هەناسەی خاوێنی هەڵمژی

ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئێستا لە جیهاندا بەشێوەیەکی خێرا بڵاودەبێتەوە، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکانی کەمکردووەتەوە، نیوەی زیاتری کارگەکانی جیهانی داخستووە، پیسبوونی ژینگە بۆ ئاستێکی کەموێنە لە هەندێک ناوچە دابەزیوە، ئەوەی کە مرۆڤ بەدەستی خۆی بەرهەمی هێنا، ئێستا خەریکە لەژێر کۆنترۆڵیدا دەردەچێت، ئێستا ساڵانە پیشبوونی ژینگە دەبێتە هۆی مردنی حەوت ملیۆن مرۆڤ.


لەپاڵ زیادبوونی پاڵاوتگەو کارگەکان، ساڵانه‌ ٣٦٩ تۆن بەستەڵەک و بەفر لە جەمسەرەکانی باکور و باشوری گۆی زەوی دەتوێنەوە، سێ ملیۆن مرۆڤیش بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە خواردنیان لەدەستداوە، لەسەدا ٢٥ی کۆی هەموو مردنەکانی جیهان بەهۆی کاریگەری پیسبوونی ژینگەوە ڕوودەدەن.

ساڵانە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاستی هۆشدارییەکانی لەبارەی ئاسەوارە خراپەکانی پیسبوونی ژینگەو زەوییەوە دەخاتەڕوو، پێیوایە ئەوەی مرۆڤ لەم سەدەیەدا بە ژینگەی کردووە، چیتر زەوی بەرگەی ناگرێت و دەبێ هەمووان ئامادەبن بۆ کارەسات و بەڵای چاوەڕوان نەکراو، لە نێویشیاندا گۆڕانی خێرای کەشوهەواو بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان و سوتانی دارستان و دروستبوونی لافاو.

ژمارەی ئەو کەسانەی بە پیسبوونی ژینگە دەمرن زۆر زیاترن لەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمرن، تەنها لە فەرەنسا ساڵانە ٤٨ هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە دەمرن، لە چینیش زیاد لە ملیۆنێک کەس بەهۆی پیسی ژینگە گیان لەدەست دەدەن، بە گشتی ساڵانە بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، حەوت ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە دەمرن.

پسپۆڕانی ژینگەیی باس لەوە دەکەن، پیسبوونی ژینگە خەڵک زۆر زیاتر دەکوژێت و ساڵ دوای ساڵ کاریگەرییەکانی زیاتر دەردەکەون، بەڵام خەڵک بچووکترین هەنگاو نانێت بۆ پاراستنی ژینگە، لەلایەکیترەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک کە ڕێژەی کوشندەیی کەمترە لەو ژەهرەی دەیخەینە هەواوە، رێکاری تووند گیراوەتەوە بەر.

وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان لەمبارەیەوە ساڵانە کۆنگرەیەک دەبەستن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی پیسبوونی ژینگە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو ڕێژەی دوانەئۆکسید کە بەهۆی کارگە و ئۆتۆمبێلەوە فڕێدەدرێتە بەرگە هەواوە کەم بکەنەوە، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی تەندروستی جیهانی، لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا زەوی یەک پلە گەرم بووە، ئەوەش وایکردووە گۆڕانکارییەکان بەخێرایی ڕووبدەن، هەموو هەوڵەکانیش بۆ ئەوەن وابکرێت بەرگە هەوا پاک ببێتەوەو هیچ نەبێت پلەیەک گەرمی زەوی دابەزێنرێت، بەڵام هەوڵەکان تا ئێستا بێسوود بوون.

کۆبوونەوەی دووکەڵێکی زۆر لە بەرگە هەوای زەوی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەستەڵەکی جەمسەرەکانی بە خێرایی تواندووەتەوە، ڕووبەری سەوزایی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواو کەوتنەوەی ئاگرەکانەوە تا دێت بچوکتر دەبێتەوە، مرۆڤ بێڕەحمانە کەوتووەتە گیانی سروشت و ژینگە و دەرهێنانی کانزاو سەرچاوە سروشتییەکان.

دارستانی ئەمازۆن کە بە دایکی سروشت دەناسرێت و نزیکەی ٢٠٪ی ئۆکسجینی جیهان بەرهەم دەهێنێت، ساڵی ڕابردوو بەشێکی زۆری سووتا، ئابووری بەڕازیل پشت بەکشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی گۆشت دەبەستێت، لەوەتەی ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ لەسەدای ڕووبەری دارستانی ئەمازۆن تەختکراوە و بۆ ئەو مەبەستە بەکارهاتووە.

چالاکوانەکانی ژینگە لە بەڕازیل ڕایانگەیاند، ئاگرەکە بە مەبەست کراوەتەوە بۆ ئەوەی زۆربەی ئەو دارستانە تەخت بکرێت و دواتر ئەو ڕووبەرە بە تاڵانکراوە بکرێت بە کێڵگەی بەخێوکردنی ئاژەڵە خۆماڵییەکان بەتایبەتی مانگا.

لەلایەکیترەوە بەستەڵەکی جەمسەرەکانی زەوی زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا دەتوێنەوەو بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی ئەنجامدراون، ساڵانه‌ ٣٦٩ تۆن بەستەڵەک و بەفر لە جەمسەرەکانی باکور و باشوری زەوی دەتوێنەوەو ئەگەر تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە نەتواندرێت یەک پلەی سەدی، پلەی گەرما کەم بکرێتەوە، ئەوا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی چەندین کێشەی وەک گۆڕانی خێرای کەشو هەواو کارەساتی سرووشتی دەبێتەوە.

هاوکات كۆمه‌ڵه‌ی پاراستنی نێوده‌وڵه‌تی هۆشداریدا له‌وه‌ی كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی ئه‌و دره‌ختانه‌ی كه‌ ته‌نیا له‌ كیشوه‌ری ئه‌وروپا دەڕوێن و له‌ هیچ شوێنێكیتر نین مه‌ترسی له‌ ناوچوونیان له‌ سه‌ره‌.

کۆمەڵەکە دیارترینی ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئه‌م دره‌ختانه‌ کردووە، دەردانی گازه‌كانن كه‌ ده‌بنه‌ هۆی پیسبوونی هه‌وا و خاك و ئاو كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ كار له‌سه‌ر ئه‌م دره‌ختانه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووە كه‌ زۆربوونی ژماره‌ی دانیشتووان و بڕینه‌وه‌ی دره‌خته‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام چه‌ند فاكته‌رێكی دیکەن بۆ كه‌مبوونی دره‌خته‌كان.

هەموو ساڵێك لە رێكەوتی ٢٢ی مانگی ٤دا جیهان بە بۆنەی رۆژی زەوییەوە ئاهەنگ دەگێڕێت و ئەو ڕۆژەش لە لایەن سیناتۆرێكی ئەمریكیەوە لە ساڵی ١٩٧٠ دەستنیشانكراوە، زۆرێک لەوڵاتانی جیهانیش لە ساڵانێکی زووەوە پرسی ژینگەیان خستووەتە نێو دەستوورەکانیانەوە، عێراق وەک وڵاتێکی پێکهاتووی دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی، زۆر درەنگ باسی ژینگە کەوتووەتە نێو دەستوورەکانیەوە.

لە یاسای بنەڕەتی عێراقی ساڵی ١٩٢٥ و لە دەستووری کاتی ساڵی ١٩٥٨ و ١٩٦٣ و ١٩٦٨ و ١٩٧٠دا باسی ژینگە نەهاتووە، ڕەنگە ئەوەش لەبەر ئەوە بووبێت کە تا ئەوساتە جیاوازی لە نێوان ژینگە و تەندروستیدا نەکراوە، بۆیە لەو دەستوورانەدا تەنیا ئاماژە بۆ تەندروستی کراوە وەک مافێکی ڕەوای هاوڵاتییان.

لەدەستووری هەمیشەیی عێراقدا ساڵی ٢٠٠٥دا ژینگە بۆ یەکەمجار لە دەستوورێکی هەمیشەییدا پەسندکرا، لە پڕۆژەی یەکەم ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستانیشدا ژینگە لە ماددەی (٥٧)دا باسی هاتووەو بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستانیش لە ٧ی نیسان 'مانگی ٤'ی ٢٠٠٨ ڕۆژی ١٦ی نیسان وەک رۆژی "ژینگەی کوردستان" دەست نیشانکراوە.

ئێستا به‌ هۆى ڤایرۆسى كۆرۆنای نوێ (COVID-19) ڕێژه‌ى مادده‌ پیسكه‌ره‌كان له‌ شارى وۆهانى چینى دابه‌زیوه‌، ده‌زگاى ناسا چه‌ند وێنه‌یه‌كى ئاسمانى بڵاوكردەوه‌ كه‌ به‌راوردێكه‌ له‌ نێوان رێژه‌ى گازه‌ پیسكه‌ره‌كان (پیسبوونى هه‌وا) له‌ هه‌ردوو مانگى ١٢ی ساڵی ڕابردوو تا مانگی ٢ی ئەمساڵ.

به‌ ڕوونى ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ڕێژه‌ى مادده‌ پیسكه‌ره‌كان كه‌مبووه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌ نێو گازه‌ گه‌رمكه‌ره‌وه‌كان گازى (NO2) به‌ ڕێژه‌یه‌كى زۆر دابه‌زیوه‌و به‌ پێی قسه‌ى شاره‌زایان ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جاره‌ هه‌واى ئه‌و ناوچه‌یه‌ پاكیه‌كى له‌و شێوه‌یه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت، ئه‌ویش دواى داخستنى كارگه‌كان و قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچوو و به‌كارنه‌هێنانى ئامێره‌كانى گواستنه‌وه‌.

پسپۆڕانی ژینگە دەڵێن، سروشت بۆیەکەم جار ھەناسەیەکی خاوێنی لەدوای بڵاوبونەوەی کۆرۆناوە ھەڵمژی، پێشیانوایە ئەگەر مرۆڤایەتی ھۆشیارببێتەوە و وەک ئێستا هەست بە مەترسییەکان بکات و کارگەکان کەمبکاتەوە، لە دوو ساڵی ئایندەدا بەدەگمەن خەڵک توشی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی ھەناسە دەبێت، لە پاش چوار ساڵ تا ١٥ ساڵ نەخۆشی شێرپەنجە دەگمەن دەبێت، چیتر ئەو نەخۆشخانانەی بۆ شێرپەنجە دانرابوون دەرگاکانیان بەکراوەی نابینیت ، کێشە دەرونیەکان زۆربەیان کۆتاییان پێدێت شەڕوو کوشت کەم دەبێتەوە، لە بەھاری ساڵی ئایندە بەسەدان جۆر ڕووەک و ئاژەڵە دەردەکەونەوە و گەشەدەکەن.

س.ح