سروشتی گوندی گوڵان گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت

گوندی گوڵان سەر بە شارەدێی سەرکەپکانی قەزای ڕانیە، لە هەر دوو وەرزی هاوین و زستان دەبێتە شوێنی گەشتیاریی دانیشتوانی سنوری ئیدارەی ڕاپەرین، لەم وەرزەشدا بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە هاوڵاتیان ڕووی تێدەکەن.


لە باشوری کوردستان لە وەرزی زستاندا، ئەو ناوچە شاخاوییانەی بەفریان لێ دەبارێت دەبنە شوێنی گەشتیاریی و هاوڵاتیان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕووی تێ دەکەن، گوندی گوڵانی ئیدارەی ڕاپەڕینیش یەکێکە لەو شوێنانەی زستانان بەفری زۆری لێ دەبارێت.

 ئەحمەد حاجی، دانیشتووی شارۆچکەی ڕانیە، لەگەڵ خێزانەکەی سەردانی گوندی گوڵانی کردووە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی لە ناوەندی شارەکان بەفر کەم دەبارێت، ڕوویان لەو گوندە کردووە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، باس لەوەش دەکات بەشێک لە هاوڵاتیان بەفر دەبەنە ماڵەوە و لەگەڵ دۆشاو دەیخۆن، یاخود لە بەفرگردا هەڵیدەگرن بۆ بەهار و هاوین.

هاوڵاتییەکی دیکە بەناوی شکۆمەند حەسەن، کە سەردانی گوندی گوڵانی کردبوو، باسی لە سەرنجڕاکێشی ئەو ناوچەیەی کرد، بەشێوەیەک "دامێنی چیای ماکۆک لە وەرزی هاویندا شوێنێکی فێنک و دڵگیرە، لە وەرزی زستانیشدا بەهۆی بارینی بەفرەوە خەڵک ڕووی تێ دەکەن"، بەڵام نیگەرانە لەوەی لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە ناوچەکە پشتگوێخراوە.

هێرش محەمەد هاوڵاتیی سنوری ڕاپەڕینە و باسی لەوە کرد، بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوویان لەو ناوچەیە کردووە، وتیشی: "بەڵام ڕێگاکەی گونجاو نییە و مەترسی بۆ سەر هاوڵاتیان دروست دەکات، هەروەها پاک و خاوێن نییە، بەگشتی لەڕووی خزمەتگوزارییەوە باش نییە".

ک.ک