سلێمانی، زیاتر لە ١٠٠ دۆنم پوش و پاوان  سووتا

لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای  سلێمانی، سوتانی زیاتر لە ١٠٠ دۆنم پوش و پاوانی لە سنووری شارۆچکەی ماوەت ڕاگەیاند.


ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، سووتانی زیاتر لە ١٠٠ دۆنم پوش و پاوانی لە گوندی قەشان-ی دەڤەری شاربازێڕ ڕاگەیاند، کە سەربە شارۆچکەی ماوەتە لە پارێزگای سلێمانی.

بە وتەی عەمید هێمن کەمەرخان ئەفەندی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای  سلێمانی، ئاگریکی بەرفراوان لە سنووری گوندی قەشان لە سنووری ماوەت کەوتووەتەوە و دەست بەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ماوەت گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، "بەهۆی سەختی ناوچەکەو بوونی تەقەمەنی، زیاتر لە ١٠٠ دۆنم  پوش و پاوان سوتان و داری سروشتی سووتاون".

عەمید هێمن داوا دەکات "با بەهەموومان ژینگە و سروشتی کوردستان بپارێزین، بەتایبەتی لەم وەرزەدا هاوڵاتیان ڕوو `دەکەنە دەشت و چیا کان زۆر دڵنیابن لە پاشماوەی  ئاگرو پشکۆ لە دوای خۆیان بەجێ نەهێڵن، بۆ ئەوەی کارەساتی گەورە ڕوونەدات".                                                        

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان وژینگەی پارێزگای  سلێمانی

17/6/2019

س.ح