سلێمانی، لە دوو ڕۆژدا ٦ هەزار دۆنم پوشوپاوان سوتاوە

لەسنووری شارۆچکەی دووکان، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکەوە، کە ماوەی ٤٨ کاتژمێر بەردەوام بووە، شەش هەزار دۆنم پوشوپاوان سوتاوە، پۆلیسی دارستانیش دەڵێت: بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویستەوە نەتوانراوە بەخێرایی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.


ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە لە زنجیرە چیای (قەرەسرد)، لە سنووری شارۆچکەی دوکان، لە پارێزگای سلێمانی، ئاگرێک کەوتووەتەوە و لەدوای ٤٨ کاتژمێر، شەوی ڕابردوو، لەلایەن پۆلیسی دارستان و هاوڵاتیانی ناوچەکەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.

 لەو بارەیەوە عمید هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەرێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندووە: بەهۆکاری نادیار  لەسنووری گوندی (قەرەسرد) لە قەزای دوکان ئاگر کەوتەوە، هەرچەندە تیمەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دوكان لەیەکەم ساتی کەوتنەوەی ئاگرەکەوە بەردەوام لەهەوڵدابوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام بەهۆی سەختی ناوچەکە و بوونی ڕەشەبا و مەترسی ( مین ) و نەبوونی کەرەستەی پێویست و تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگر، کۆنترۆڵی ئاگرکە دژوار بوو.

ناوبراو، ئەماژەی بەوەکردووە، کە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە بۆ گوندەکانی (قەرانگوێ، سێدەر، کوێرەکان) دەشڵێت: بەهاوکاری هاوڵاتیانی سنوورەکە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، لەدوای ٤٨ کاتژمێر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام مەزەندە دەکرێت نزیکەی شەش هەزار دۆنم پوشوپاوان و دەیان داری سروشتی سوتابن.

د.ع