سلێمانی، لە ١٠٥ کۆمپانیا هیچ کۆمپانیایەکی تورکی بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتی نەکردووە

یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک دەستیپێکرد، کە تێیدا ١٠٥ کۆمپانیا لە ناوخۆی کوردستان و ١٠ وڵاتی جیهانەوە بە بەرهەمە کشتوکاڵیی و تەکنیکییەکانیانەوە بەشدارییان کردووە، بەڵام هیچ کۆمپانیایەکی تورکی بەشداریی نەکردووە.


ئەمڕۆ، لە بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی، یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک، بە دروشمی "ژیانەوەی خەڵک و خاک"، دەستی بەکارەکانی کرد.

پێشانگاکە بە مەراسیمێک کرایەوە، کە تێیدا پارێزگاری سلێمانی و بەشێک لە بەرپرسانی ئیداریی سلێمانی و نوێنەری وڵاتانی دەرەوە و جووتیاران بەشدارییان تێداکردبوو.

١٠٥ کۆمپانیا لە ناوخۆی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ئێران، میسر، سوریا، ئیمارات، سعودییە، کەنەدا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و پۆڵەندا بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کردووە.

هیچ کۆمپانیایەکی تورکیی بەشداریی لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانیدا نەکردووە، بەشداریینەکردنی کۆمپانیا تورکییەکانیش لەکاتێکدایە هەڵمەتی بایکۆتی کاڵای تورکی لە باشوری کوردستان بەشێوەیەکی فراوان درێژەی هەیە و بەشێکی زۆر لە بازرگانەکانیش بازرگانییان لەگەڵ تورکیادا ڕاگرتووە.

لە یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک، کۆمپانیاکان بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئامێر و نوێترین تەکنینی کشتوکاڵییان نمایشکردووە، بڕیاریشە تاوەکو ١٣ی ئەم مانگە درێژەی هەبێت.

ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی پێشنیوەڕۆ تاوەکو ٠٥:٠٠ی ئێوارە، دەرگای یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی 'کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک' بەڕووی هاوڵاتیاندا لەسەر پشت دەبێت.