سلێمانی، لە ڕۆژی ژینگەدا ٧٠ گوڵ دابەشکرا

لە شاری سلێمانی بە بۆنەی ڕۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئێوارە کۆڕیکی شیعر و گۆرانی سازکرا و ٧٠ گوڵی جۆراوجۆر پێشکەشی ئامادەبوان کرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە قاوەخانەی کەلتوری فەرمانبەران لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرشتی پارتی سەوزی کوردستان، کۆڕێکی شیعریی بۆ هەر سێ شاعیر، ئاکۆ شارۆشی و پەری  قەرەداغی و برزۆ حاجی حەبیب سازکرا، هەروەها ئەلیاس جۆڵا و سەنگەر پێنجوینی لە ڕێوڕەسمەکەدا گۆرانیان پێشکەش کرد.

لە سەرەتای یادەکەدا ملکۆ بازیانی، سکرتێری پارتی سەوزی کوردستان وتاریکی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و وتی: پێویستە بە هەموومان ژینگەی ئەم خاکە بپارێزین و نەهێڵێن چیتر ئەم ژینگەیە پیس بێت.

وتیشی: وەک ڕێکخراوەکەمان هەمیشە لە چالاکیداین و بەردەوام دەبین تاوەکو بتوانین ژینگە پاک ڕابگرین، پێویستیشە پەروەردەی خێزان زیاتر گرنگی بدەن بە منداڵەکانیان و هەروەها لە پەروەردەی خوێندنیشدا وانەیەکی تایبەت بە ژینگە هەبێت.
 
بە شیعر خوێندنەوە بۆ ژینگەی کوردستان و هەروەها گۆرانیوتن یادەکە بەردەوامی هەبوو، هاوکات لە کۆتایی یادەکەدەشدا زیاتر لە  ٧٠ گوڵی جۆراوجۆر بەخشرا بە ئامادەبوان تا زیاتر گرنگیی بدەن بە ژینگە و چاندنی دار و درەخت و گوڵ.


ک.ک