سلێمانی، هاوڵاتیان سەربان و بەردەم ماڵەکانیان دەکەنە کێڵگەی کشتوکاڵیی

چاندنی دار، سەوزە و بێستان کردن لە هەندێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی پەرەی پێدەدرێت و هاوڵاتیان لەجیاتی کڕین لە بازاڕ، لەبەردەم یانیش لەناو حەوشە و سەربانی ماڵەکانیان پێداویستیی ڕۆژانەیان دەچننەوە.


کاتێک بە بە بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی-دا تێدەپەڕیت، هەبوونی باخچەیەکی بچووک لەبەردەم ماڵەکەیاندا سەرنج-ت ڕادەکێشێت، کە جگە لە دار و نەمام، چەندین جۆری سەوزە و بێستانی تێدا کراوە، بەهۆی نزیکیی ژن لە سروشت و حەزکردنی زۆریان بۆ بۆ خاداریی و کشتوکاڵ، ئەم کارە زیاتر لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.

ئەختەر فەتحوڵا، یەکێک لەو ژنانەیە، کە لەبەردەم ماڵەکەیاندا لە گەڕەکی کۆمار(قولەرەسی) باخچەیەکی بچووکی دروستکردووە و چەندین جۆر نەمامی وەک هەنار، توو، هەنجیر، گوێز، گوڵەباخ و شاتووی چاندووە، هەروەها زەوییەکەی بەش بەشکردووە و هەربەشەو جۆرێک بەروبومی وەک کولەکە، خەیار، لۆبیا، سڵق، تورک، کەرەوز، شویت و کەوەر، بەشێکی بچووکیشی کردووە بە چیمەن و دوای ئاودانی باخچەکەی تێیدا دادەنیشێت و کەمێک پشوو دەدات.

باخچەکەی دایە ئەختەر ئەگەرچی تەمەنی کەمە، بەڵام وەبەر هاتووە، بەیانیان کاتژمێر ٧:٠٠ دوای ئەوەی سەماوەرەکەی هەڵدەکات بۆ ئامادەکردنی نانی بەیانی، سەبەتە قاوەییە دارینەکەی بەدەستەوە دەگرێت و ڕوو لە باخچە خنجیلانەکەی دەکات، تا بەشی پێداویستیی ئەو ڕۆژە بەرهەم بچنێتەوە،.

گەڕەکی کۆمار تا ئیستا تۆڕی ئاوی بۆ ڕانەکێشراوە و بە تانکەر ئاو بۆ ماڵان دەبرێت، بۆیە دایە ئەختەر بۆ ئاودانی باخچەکەی پشت بە بیری دراوسێیەکەیان دەبەستێت، هەردوو دراوسێ هەموو ئێوارنێک پاش خۆرئاوابوون باخچەکانیان ئاودەدەن، بەمەش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ باخچەکە بە تەڕیی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر لەکاتی گەرمادا ئاوبدرێت ئەوا بەشێکی زۆری ئاوەکە دەبێت بە هەڵم و سودی تەواو بە باخچەکە ناگەیەنێت.

ئەگەرچی بەهۆی کەمیی ئاوەوە نەیوانیوە باخچەیەک بە دڵی خۆی دروستبکات، بەڵام زۆر دڵی بەو چەند نەمام و سەوزە و بیستانە خۆشە و وەک خۆی باسی دەکات، لەڕووی دەرونییەوە ئارامیی پێدەبەخشێت.

هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی ئەو بەرهەمە کرد، کە بە ڕەنجی خۆی پێدەگات و وتی: ئەو سەوزە و میوانەی لەدەرەوە دێن لێی دڵنیانین، کە چۆن وەبەرهاتووە و چیان بۆ بەکارهێندراوە، بەڵام ئەمە هی خۆمانە و لێی دڵنیاین، هەرکاتێکیش بمانەوێت و پێداویستیی خۆمانی پێ پڕدەکەینەوە، هەروەها بەشی دراوسێ و خزمەکانیشمانی لیدەنێرین.

لەو گەڕەکانەی، کە لە بەردەم ماڵەکاندا دەرفەتی چاندن نییە و قیرتاوکراوە یانیش کۆنکرێتە، هەندێک کەس لەناو حەوشەی ماڵەکانیان یانیش لەسەربان سەوزە و بێستانیان کردووە و بەمەش پەیام بە هەموو هاوڵاتیان دەدەن، کە ئەگەر دەرفەتێکی کەمیش هەبێت، بتوانن کلتوری گوند لە شاردا بژێننەوە و زەوییەکانیان سەوزبکەن و وەبەری بێنن، تا چاوەڕێی وڵاتانی دراوسێ نەبن، کە بەرهەمەکانی خۆیان بێنن و بەسەر ئێمەدا ساغی بکەنەوە.

 ش.ف