سلێمانی، ٤٥ دۆنم پوش و پاوان سووتا

لە ماوەی دوو ڕۆژی  ڕابردوودا لە دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنوری قەرەداغ و  بازیان-ی پارێزگای سلێمانی، ٤٥ دۆنم پوش و پاوان سوتاوون و هۆکارەکەشی نادیارە.


بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی کە ئەمڕۆ بە ڕاگەیەندراوێک بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی دوو ڕۆژی  ڕابردوودا لە دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری قەرەداغ و  بازیان ٤٥ دۆنم پوش و پاوان سووتاون.

لەو بارەیەوە عەمیدی پۆلیس هێمن کەمەرخان ئەفەندی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای  سلێمانی ڕایگەیاند:"ئاگرێکی بەرفراوان لە سنووری قەرەداغ لە گوندی جافەران و شاخی سۆڵە کەوتەوە، دەست بەجێ مەفرەزەکانی بنکەی  پۆلیسی دارستان و ژینگەی سێوسێنان و بارەگای بەش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، توانرا بەهاوکاری هاوڵاتیانی سنورەکەو ئاگرکوژێنەوەی قەرەداغ  کۆنترۆڵ بکرێت".

بە وتەی کەمەرخان، زیانی ئاگرەکە مەزندە دەکرێت بە سووتانی ٣٥ دۆنم لە  پوش و پاوان و ١٨ داری سروشتی و باخی هاووڵاتیەک، لەسەر هۆکارەکەشی ڕایگەیاند : هۆکار نادیارە لێکۆڵینەوە لە بارەیەوە بەردەوامە.

ڕاشیگەیاند: لەلایەکیترەوە ئاگرێکی بەرفراوان  لە سنووری تاسلوجەو ئەڵایی و تەیناڵ کەوتەوە، زیانی ئاگرەکە ١٠ دۆنم لە  پوش و پاوان سووتاوە و  هۆکارەکەشی نادیارە.

س.ح