سلێمانی، پۆلیسی دارستان لە ساڵێکدا ٥٣٦ کەسی دەستگیرکردووە

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماری ڕووداو و چالاکییەکانی خۆیانی لە ساڵی ٢٠١٨ ئاشکرا کرد، بەپێ ئامارەکە لەو ماوەیە ٥٣٦ کەس بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیرکراون.


دەربارەی ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو، ئەمڕۆ هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە بینای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد.

هێمن کەمەرخان ئاماژەی بەوەدا، کە لە ساڵی ٢٠١٨دا لەسەر ڕاوی ئاژەڵی کێوی، ماسی، بڕێنی دار و ئاگرتێبەردانی زەوییەکان، بەپێ یاساکانی دارستان و ژینگە ٥٣٦ کەسیان دەستگیرکردووە و سزایان داون، ئەوەش بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ کەمیکردووە، کە ٦٢٧ کەس سزادرابوون.

دەربارەی ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، هێمن ڕوونیکردەوە، کە ١٦ کڵاشینکۆف لەگەڵ ٣٧٨ گولـلە کڵاشینکۆف، ٦٨ چەکی تاپڕ و ٢٨٢ گولـلەی تاپڕ، ١٧ چەقۆ، ٣٦ ئۆتۆمبێل، ٢٣ ماتۆرسکێڵ، ٢٦ مشار، ١٢ دووربین، ٤٣ ئامێری بیرلیدان ، ٧٥ قەفەس، ١٥١ داو، حەوت مۆلیدە، ١٠٠ کیلۆ تی ئێن تی، دەستیان بەسەدا گیراوە و ١١٣ ئاژەڵی کێوی کە ڕاوکرابوون ئازادکران.

هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، هەروەها وتی: لە ساڵی ٢٠١٨دا ٥٥ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕوویداوە و لە ئەنجامدا ٢٩ هەزار و ١٥٣ دۆنم زەوی و ٣٧٥ دار سووتاوە.

س.ح