سلێمانی، چەمی تانجەرۆ بووەتە مەترسی بۆ ژیانی هەزاران کەس

بەشێک لە ژینگەپارێزان و هاوڵاتیانی ناوچەی تانجەرۆ، لە دژی تێکەڵبوونی زبڵ و خاشاک بە چەمی تانجەرۆ، ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و تێیدا داوایان لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی کرد، کە بە هانای وێرانبوونی ئاوی تانجەرۆوە بچن، کە ژیانی هەزاران کەس دەخاتە مەترسییەوە.


پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی بواری ژینگە و ئاو لە شاری سلێمانی، لە دژی تێکەڵبوونی زبڵ و خاشاکی سلێمانی بە ئاوی چەمی شارەدێی تانجەرۆ-ی سەربە پارێزگای سلێمانی، ڕێپێوانێکیان لە ناوچەی تانجەرۆوە بۆ شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ-ی سلێمانی ئەنجامدا.

لە ڕێپێوانەکەدا، چالاکوانان و هاوڵاتیان چەندین پانکارد و دروشمی جۆراوجۆریان بەرزکردبووەوە، کە گوزارشتیان لە ناڕەزایەتییەکانیان دژ بە تێکەڵبوونی زبڵ و خاشاک بە ئاوی تانجەرۆ و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو و ژینگەی ناوچەکە دەکرد.

ڕەنج عەتا، چالاکوانی بواری ژینگە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا یاداشتێکی بەناوی بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژینگە و پاراستنی ئاو-ی خوێندەوە، کە ئاراستەی ژینگەدۆستان، بەڕێوبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەرپرسانی حزبییان کردبوو، تێیدا نیگەرانیی خۆیان لە بەرامبەر پیسبوونی ژینگەی ناوچەی تانجەرۆ دەربڕی.

لە یاداشتەکەدا هاتبوو: ئەو کارەساتەی کە لە تانجەرۆ هەیە، جێگای پرسیارە بۆ ئیدارە و پارێزگای سلێمانی و مایەی نیگەرانییە بۆ ئێمەی پارێزەرانی سروشت و ئاو.

ئەوەش خراوەتەڕوو: ناوچەی کۆکردنەوەی زبڵی تانجەرۆ، خراپتر لە ساڵانی پێشوو، دەستی ناوەتە گەردنی ڕووباری قلیاسان و چەمی تانجەرۆ، بە جۆگەلەی ژەهر و هەرەسی پاشماوەکان، سەرچاوەی ئاوی بیر و باخ و ناوچە کشتوکاڵییەکانی شارەزوور و بەنداوی دەربەندیخان و ڕووباری سیروان و ناوچەی گەرمیان و دواجار ڕووباری دیجلەش پیس دەکات.

هەر لە یاداشتەکەی ئەو ڕێکخراوانەدا، ئاماژە بەوەشکرابوو، کە زبڵی تانجەرۆ تۆمەتبارە بە ژەهراویکردنی ژیان و تەندروستی هاوڵاتیان و خاک و ئاوی نیوەیەک لە باشوری کوردستان، داواشیان کرد: فریای وێرانبوونی ئاوی تانجەرۆ و بەشێک لە ئاوی عێراق بکەون.

هاوڵاتیانی ناوچەکەش شانبەشانی چالاکوانانی ژینگە، بەشداربوون لە ڕێپێوانەکەدا، ئاماژەش بەوە دەکەن، کە بەهۆی پیسبوونی ئاو و هەوای ناوچەکەیانەوە، تا ئێستا چەندین حاڵەتی نەخۆشیی شێرپەنجە و ڕەبۆ تۆمارکراوە.

عیزەت حامد، موختاری ناوچەی تانجەرۆ، بۆ ڕۆژنیوز باسی لە کاریگەریی پیسبوونی ژینگەی ناوچەکەیان کرد لەسەر ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە و، وتی: چەندین جار نووسراوم بردووەتە لایەنە پەیوەنیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵام تا ئێستا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە، تەنانەت ئێمە ناتوانین بەهیچ شێوەیەک ئاوی چەمی تانجەرۆ بخۆینەوە، هێشتا حکومەت ئاوی خواردنەوەشی بۆ دابیننەکردووین، بەهۆی پیسبوونی ئاو و هەوای ناوچەکەشمانەوە، چەندین کەسمان تووشی نەخۆشی ڕەبۆ و جۆرەها نەخۆشیی دیکە بووە.

ناوچەی تانجەرۆ کە سەدان خێزانی تێیدا دەژی، بە دووریی چەند کیلۆمەرێک دەکەوێتە باشوری شاری سلێمانییەوە، چەمی تانجەرۆش کە یەکێکە لە لقە پێکهێنەرەکانی دەریاچەی دەربەندیخان، بووەتە شوێنی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی شاری سلێمانی.


 

س.ح