سلێمانی، چەند بڕیارێکی گرنگ دەربارەی ژینگە دەدرێت

لە شاری سلێمانی كۆمپانیاكانی پاككردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك پابەند دەكرێن بە جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان و خاوەنی ڕێستۆرانت و چێشتخانەكانیش بەهەمان شێوە پابەند دەكرێن بە جیاكردنەوەی ماددە خۆراكییەكان لەگەڵ ماددە پلاستییكییەكان، هەروەها قەدەغەکردنی نایلۆن و بەکارهێنانی زەرفی کاغەز دەخرێتە بوواری جێبەجێکردنەوە.


لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا کە بۆ ڕۆژنیوز نێردراون، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی چەند بڕیارێک دەربارەی پاراستنی ژینگە دەردەکەن، ئەوەش لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی و نوێنەری كۆمپانیاكانی پاككردنەوەدا.

قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: بڕیاری جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لە ڕوانگەی زیانەزۆرەكەی ماددە پلاستیكییەكان بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان و ژینگە دراوە و بڕیارەكە جێبەجێ دەكەن، پێویستە كۆمپانیاكانی پاكردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك و خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكان پابەندبن بە بڕیاری جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لەگەڵ ماددە خۆراكییەكان.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێك لەم بارەیەوە درا، کە بریتین لە:

١-كۆمپانیاكانی پاككردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك پابەند دەبن بەجیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لەگەڵ ماددە خۆراكییەكانیتر.

٢-كۆمپانیاكانی پاككردنەوە "ئوتومبێلی تایبەت" بەكار دەهێنن بۆ گواستنەوەی ماددە پلاستیەكییەكان و لۆگۆی ماددە پلاسنتیكییەكانی لەسەر دەبێت.

٣-رێستۆرانت و چێشتخانەكان "سەتڵی خۆڵی تایبەت" بە جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان بەكار دەهێنن كە رەنگی سەوزی كاڵ دەبێت.

٤-هەر رێستۆرانت و چێشتخانەیەك پابەند نەبێت بەجیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان زبڵوخۆڵ و خاشاكەكەی لەلایەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوەوە ناگواسترێتەوە و خۆی بەرپرسیار دەبێت لە بەرامبەر لابردنی زبڵ و خۆڵ و خاشاكەكەی.

لەبارەی بڕیارەكانەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، ئامانجیان پاراستنی ژینگەو تەندروستی هاوڵاتیانە لە زیانە زۆرەكەی ماددە پلاستیكییەكان و بڕیارەكان لەلایەنە لیژنەهاوبەشەكانەوە بەدواداچونیان بۆ دەكرێت و جێبەجێ دەكرێن، وتیشی:"هەر شوێنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی سزایی توندی یاسایی دەكرێتەوە".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەی قائیمقامییەتدا هاتووە، پاش ئه‌وه‌ی قائیمقامیه‌تی سلێمانی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی ده‌فری پلاستیك و نایلۆنی بۆ‌ چێشتخانه‌ و‌ ڕێستۆرانته‌كان ده‌ركرد، به‌شێكی زۆر له‌ خاوه‌ن شوێنه‌كان پابه‌ندن به‌بڕیاره‌كه‌وه‌ و سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیش سوپاسیان ده‌كات.

گۆران قادر، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ڕایگه‌یاند: له‌پێناو پاراستن و دورخستنه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی توشبوون به‌ نه‌خۆشیه‌ ترسناكه‌كان، له‌لایه‌ن قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی ده‌فر و زه‌رفی پلاستیك و نایلۆن بۆ گواستنه‌وه‌ی خوارده‌مه‌نی له چێشتخانه‌ و ریستۆرانته‌كان دراوه، له ‌ئه‌نجامی سه‌ردان و پشكنینه‌كانی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌ به‌شێكی زۆر له‌ چێشتخانه‌‌ و ریستۆرانته‌كان پابه‌ندی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی پلاستیك ونایلۆنه‌ زیان به‌خشه‌كان بوون كه‌ئه‌مه‌ش جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌.

سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی زه‌رفی كاغه‌ز له‌ نانه‌وا و سه‌موونخانه‌كان ڕایگه‌یاند: له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری به‌كارهێنانی زه‌رفی كاغه‌ز له‌بری زه‌رفی نایلۆن ده‌خرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و هه‌ر نانه‌واخانه‌ و سه‌مونخانه‌یه‌ك پابه‌ندنه‌بێت شوێنه‌كه‌ و خاوه‌نه‌كه‌شی ڕووبەڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

س.ح