سلێمانی، ڕێپێوانێك بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان بەڕێوەچوو.. بە وێنە

لە شاری سلێمانی بە بەشداری ژمارەیەك چالاكوان و كەسانی ئاژەڵدۆست، ڕێپێوانێك بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان بەڕێوەچوو، نوێنەری ڕێكخراوی سروشتی كوردستانیش ڕایگەیاند، ئەوانەی ئاژەڵدۆست نین، مرۆڤ دۆستیش نین.


ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێكخراوی سروشتی كوردستان و ژمارەیەك چالاكوان و كەسانی ئاژەڵدۆست، لە پاركی ئازادی لە شاری سلێمانی بە دروشمی "سەگەكان مەكوژن" ڕێپێوانێكیان ئەنجامدا و تێیدا داوای پاراستنی مافی ئاژەڵیان كرد.

سەروەر قەرەداغی، نوێنەری ڕێكخراوی سروشتی كوردستان لێدوانێكی بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دا و وتی: سەگەكان مەكوژن، سەگە بێ خاوەنەكان سەرگەردانن، ئەوانەی ئاژەڵ دۆست نین، مرۆڤ دۆستیش نین، بۆیە دەبێت مرۆڤ لەپێناو پاراستنی مافی خۆیدا، پەلاماردان و كوشتنی ئاژەڵەكان ڕابگرێت.

وتیشی: تاوانی كوشتنی سەگ، تاوانێكی تەواو قێزەون و نامۆیە بە مرۆڤی عاقڵ، تاوانێكی گەورەیە بەرامبەر بە سروشت، بۆیە ئیدانەی هەر جۆرە پەلاماردان و دەستدرێژییەك و كوشتنێك دەكەین، داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی كوشتنی سەگ دەكەین لەلایەن هۆبەكانی ڤێترنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد: داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەكەین كار بكەن بۆ دەركردنی یاسایەك تایبەت بە پاراستنی مافی ئاژەڵان و داواش لە لە حكومەتی هەرێم دەكەین لە پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجەی شەهید) پەناگە دروست بكات بۆ كۆكردنەوەی ئاژەڵە بێ پەناگەكانی وەك (سەگ و پشیلە و گوێدرێژ).

 


ك.ك