سلێمانی، یەكەكانی نیشتەجێبوون پابەند دەکرێن بە جیاكردنەوەی ماددەی پلاستیك

لە سلێمانی، هاوشێوەی ڕێستۆرانت و چێشتخانەكان یەكەكانی نیشتەجێبوون لە کاتی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکدا پابەند دەکرێن بەجیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەکان.


ئەمڕۆ ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری بەشێك لە یەكەكانی نیشتەجێبوونی شاری سلێمانیدا كۆبووەوە و بڕیاری جیاكردنەوەی پلاستیك و پاشماوەكانی تری خۆڵ و خاشاك تاوتوێكرا.

پێشتر بە بڕیارێک قائیمقامی سلێمانی، ڕێستۆرانت و چێشتخانەكان و یەكەكانی نیشتەجێبوونی لە سلێمانی پابەندکرد بە جیاكردنەوەی ماددەی "پلاستیك" لە پاش ماوەكانی تری زبڵ و خۆڵ و خاشاك.

لەكۆبوونەوەكەدا  قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند: لەدوای بڕیاری جیاكردنەوەی ماددەی"پلاستیك" لە ماددەكانی تر خۆشبەختانە بەشێكی زۆر لە ڕێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی پابەندن بە بڕیارەكەوە، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە و داواشی لە یەكەكانی نیشتەجێبوون كرد هاوشێوەی ئەوان پابەندبن بە بڕیاری جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكیەكان.

قائیمقامی سلێمانی ڕونیشیکردەوە، ئامانج لەم هەنگاوەیان پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و ژینگەی هەرێمی كوردستانە.

لای خۆیەوە کەمال نوری، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمەڵە نیشتەجێبووەكانی پارێزگای سلێمانی بەناوی یەكەكانی نیشتەجێبوونەوە ڕایگەیاند : لەپێناو بەرژەوەندی گشتی بەتایبەتی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و ژینگەی كوردستان پابەند دەبن بە بڕیارەكەی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ جیاكردنەوەی ماددە"پلاستیەكان" بۆ ئەوەش لە هەموو "ستیەكان" سەتڵی تایبەت بە ماددە پلاستیكیەكان دادەنێن.

ک.س