"سوتاندنی بەرهەمی ساڵی ڕابردوویان جوتیارانی بێ هیوا نەکردووە لە چاندن"

سەرەڕای ئەوەی ساڵی پار لە گەرمیاندا، بەشی زۆر بەرهەمی دەغڵودان و پووش و پاوانی جوتیاران بەهۆی دەستێکی نادیارەوە سوتێنران، بەڵام جوتیاران بێ هیوانەبوون لە کشتوکاڵکردن و ئەمساڵیش بە گوڕوتینەوە دەستیانکردۆتەوە بەچاندن، دەشڵێن: بێ هیوانابین بۆ زیندووکردنەوەی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی، نیگەرانیشن لە حکومەت و داوادەکەن پاڵپشتیبکرێن.  


بەپێی ئامار و زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، ملیۆنێک و چوارسەد هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە، لەو ڕێژەیە ١١١ هەزاری زەوی بەراوە و ئەوەی دیکەی دێمی-یە، هەر بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتییەکە، ساڵی ڕابردوو لەگەرمیان نزیكەی ٣٥٠٠-٤٠٠٠ دۆنم زەوی كشتوكاڵی سووتاوە و نزیكەی ١٠٠٠-٢٠٠٠دۆنم پووش و پاوانیش سووتاوە، ئەمانەش کاریگەریی نەرێنیان درووستکردووە.

جوتیاران و گوندنشینان و بەرپرسانی ئەمنی سنوری ئیدارەی گەرمیان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، سوتاندنی دەغڵودان و پووش و پاوان و بەرهەمی جوتیاران لە سنورەکەدا، بە ڕووداوی سروشتی نازانن و بە دەستێکی نادیار ناویان هێنا، گومانەکانیشیان لەسەر دەستی گروپە چەتەکانی داعش چڕکردەوە لە سنورەکەدا، بۆ دروستکردنی پشێوی و نا سەقامگیری لەو ناوچانە و بێ هیواکردن و دورخستنەوەی جوتیاران لە زەوییەکانیان و کشتوکاڵکردن.

بەڵام ئەم ڕووداوانە نەبوونەتە هۆی وەستاندن و بێ هیواکردنی جوتیاران، ئەمساڵیش جوتیاران لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، بە گوڕوتینەوە جارێکیتر ڕۆشتنەوە سەر زەوییەکانیان و دەستیان کردۆتەوە بە چاندن، لەو چوارچێوەیەدا بەشێک لە جوتیاران بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئاشتی فەرەج، جوتیارێکە، سەرقاڵی چاندنی گەنم بوو لە زەوییەکەیدا و قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی: ساڵی پار بەهۆی دەستێکی نادیارەوە بەشی زۆری زەوی و زاری جوتیاران لە سنورەکەدا سوتێنرا، ئەمەش هەوڵێک بوو بۆ بێ هیواکردنمان لە کشتوکاڵ، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ بە گوڕوتینێکی زیاترەوە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دەستە ڕەشە، دەستمانکردووەتەوە بە چاندن لە زەوییەکانمان، ئەمەش لە پێناو زیندووکردنەوەی بەرهەمی ناخۆ و چیتر پشتبە بەرهەمی هاوردەکراو نەبەستین، بەرهەمەکانی خۆمان بکەینە بنەمای بازاڕ و بینێرینە دەرەوەش.

هەروەها لوقمان عەزیز جوتیارێکی دیکەیە و ئاماژەی بەوەدا: ئێمەی جوتیاران بەردەوامدەبین لە چاندنی دەغڵودان و هەرگیز بێ هیواش نابین، لەگەڵ ئەوەی کە ساڵی پار زۆربەی بەرهەمەکانمان سوتێنرا و ساغنەکرایەوە بۆمان بە ناچاری لە بازاڕی ڕەشدا فرۆشتمان، خەسارەتێکی زۆربوو بۆ جوتیاران، بۆیە داواکارین ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنەتۆومان بۆ دابینبکات و بەرهەمەکانمان لێ بکڕێت و پاڵپشتی جوتیارانبن بۆ ئەوەی پەنا نەبەینە بەر بازاڕی ڕەش و خەسارمەند نەبین.

ئەو جوتیارە ئاماژەی بەوەشدا: نرخەکان لە بازاڕی ڕەشدا بۆ ئێمە زۆرن، ئێستا گەنم کیلۆی بە ٥٥٠ دینار تا ٦٥٠دینار دەیکڕین و بۆ نزیکەی چل دۆنم زەوی بایی نزیکەی ٥٠٠هەزاردینار کیمیاییم کڕیوە، هەروەها گازمان پێویستە بۆ تراکتۆر و هۆیەکانی گواستنەوە، ئەمانە هەمووی بە مەجبوری لە بازاڕی ڕەشدا دەیکڕین، بۆیە داواکارین حکومەت هاوکاریمان بکات لە دابینکردنیان بۆ ئەوەی جوتیاران زەرەرنەکەن و بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونیان بچننەوە. 

ک.س