سوپای تورک ڕێگری لە کوژراندنەوەی ئاگری دەرسیم دەکات

سه‌ربازانی سوپای تورك ده‌وروبه‌ری شاری دەرسیم-ی باكوری كوردستان ده‌سووتێنن و تادێت ئاگره‌كه‌ زیاتر بڵاوده‌بێته‌وه‌، ڕێگرییش دەکەن لەوەی هاوڵاتیان ئاگرەکان کۆنترۆڵبکەن


ماوەی چەند ڕۆژێکە به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركەوە، له‌ چەندین ناوچەی شاری دەرسیم ئاگر کەوتووەتەوە.

له هەریەکە لە‌ ناوچه‌كانی كوتوده‌ره‌، هارسی، ئاره‌كی، زارگۆڤیت و ئاهبانۆس ئاگر به‌رده‌وامه‌، به‌پێی زانیارییه‌كان له‌ ناوچه‌ی پیلڤه‌نك-یش ئاگر له‌ دارستان به‌ربووه‌ و ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌.

هەروەها دوێنێش له‌ ناوچه‌ی مێزگرا-ی شاری دەرسیم به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆن ئاگر له‌ نێوان گونده‌كانی كاله‌ و گه‌بان كه‌وته‌وه، ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ ئاگره‌كه‌ له‌ گوندی كاله‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ و هاتووچۆش بۆ گونده‌كه‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.

ته‌كین توركه‌ل، هاوشارەداری ناوچه‌ی مێزگر ڕایگه‌یاند، کە ئۆپه‌راسیۆن به‌رده‌وامه‌ و ئاگر‌ به‌ره‌و گوندی كاله‌ ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌، بەڵام سه‌ربازانی تورک ڕێگا ناده‌ن هاوڵاتیان دایبمركێننه‌وه‌.

ب.ل