سی ملیۆن دەبەی پلاستیکی هەڕەشە لە ژینگەی هەرێم دەکات

ڕێکخراوە ژینگەیەییەکان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە هەرێم، زیاتر لە سی ملیۆن دەبەی پلاستیکی هەیە، ئەمەش مەترسی و بەڵایەکی گەورەیە بۆ سەر ژینگە، بەرپرسانی هەرێمیش لەگەڵ ئەوەی چەند بڕیارێکیان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددەی پلاستیکی دەرکردووە، بەڵام لە ٢٨ ساڵی ڕابردوودا هیچ پلانێکی ستراتیژیی نەبووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باش خوڵ و خاشاک لە ناوبەرێت. 


لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان خواستەکانی مرۆڤیش بۆ بەکارهێنانی ماددە جۆراوجۆرەکان زیاتر دەبێت، یەکێک لەو مادانەش کە زۆر بەکاردەهێندرێت پلاستیکە، کە ڕۆژانە لەگەڵ ژیانی هەر تاکێک بەرکەوتەیەکی ئێجگار زۆری هەیە، لە کاتێکدا تا بەکارهێنەری زۆربێت ئەوا زیانیشی بۆ سەر ژینگە و ژیانی تاکەکان زیاتر دەبێت.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە یەک کیلۆ و ٢٠٠ گرام خوڵ و خاشاکی دەبێت کە فڕێ دەدرێت، لە نیوەی زیاتری ئەو زبڵەش دەکرێت ماددەی پلاستیکی بێت، ئەمەش دوو هێندەی ڕێژە ی ستانداردی جیهانییە، توانەوەی ماددە پلاستیکییەکانیش ٤٥٠ ساڵی دەوێت تا جارێکی دیکە تێکەڵ بە خاکببێتەوە.

هەرەشەی ماددە پلاستیکییەکان بۆ سەر ژینگەی جیهان بەجۆرێک ئاسەواری جێهێشتووە، کە یەکێتی ئەوروپا بە بڕیارێکی پەرلەمانی یەکێتییەکە، کار لەسەر قەدەغەکردن و بەرهەمنەهێنانی ماددە پلاستیکییەکان دەکات، بڕیاریشە دوای تەواوکردنی ڕێککەوتنە ئیداریی و یاساییەکان، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بڕیاری قەدەغەکردنی بە کارهێنانی ماددە پلاستیکییەکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە هەرێمی کوردستان ماددە پلاستیکییەکان بووەتە مەترسییەکی گەورە و ڕێکخراوە ژینگەیەییەکانیش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە هەرێم، زیاتر لە سی ملیۆن دەبەی پلاستیکی هەیە، گەندەڵی ئیداریی هۆکارێکە کە لە ماوەی ٢٨ ساڵی ڕابردوو حکومەتی هەرێم نەیتوانیووە کارگەیەکی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پلاستیک دابنێت، لە چوار پارێزگاکەی هەرێمیش تەنیا لە پارێزگای دهۆک دوو ناوەندی ڕیسایکلینی زبڵە پلاستیکییەکان هەیە کە ئەوەش گەورەنییە و بەپێی پێویست نییە.

تریفە عەلی، ژینگەپارێز و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی سروشتی کوردستان، باسی لە زیانیی ماددە پلاستیکییەکان بۆ سەر ژینگەی هەرێمی کوردستان کرد و وتی: یەکێک لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ماددە پلاستیکییەکان بە ناو ژینگەدا ئەوەیە زۆرێک لەو ماددانەی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن بە ڕێژەیەکی زۆر ماددەی پلاستیک لە خۆ دەگرێت، کە ئەوەش ژینگە بە ئاقارێکی خراپدا دەبات و تەنانەت دەبێتە مەترسی بۆ سەر مرۆڤ و تووشی نەخۆشی دەکات.

ئەو ژینگەپارێزە ئەوەشی خستەڕوو کە دووجار بۆ ئەو پرسە پڕۆژەیان پێشکەش بە حکومەتی هەرێم و پەرلەمان کردووە، بەڵام وەڵامیان نەبووە، لەو بارەیەوە وتی: ئەم پرسە ژینگەییانە بە تەنها کاری ڕێکخراو نییە کە قسەی لە سەر بکات، بەڵکو حکومەتیش دەبێت ڕۆڵ ببینێت بە تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی دەستەی ژینگە کە دەبێت پلانێک یاخود پڕۆژە یاسایەک پیشکەش بە حکومەت بکات بۆ جەختکردنەوە و ڕێگریکردن بۆ کەمکردنەوەی هاتنی ماددەی پلاستێکی، هاوکات پێویستە خۆڵ وخاشاکەکان جیاکردنەوەی بۆ بکرێت، ئەگەرچی تا ئێستا کارکردنێکی جدی نەبووە.

بەرپرسانی حکومی نایشارنەوە کە ماددە پلاستیکییەکان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژینگە، لەو ڕووەوە سوبحان حسێن، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، وتی: بابەتی ماددەی پلاستیکی لە سنووری هەرێمی کوردستاندا بووەتە کێشەیەکی گەورە بە تایبەت لە کاتی ئاگرکەوتنەوە بوونی ماددە پلاستیکییەکان هۆکاری سەرەکی تەشەنە کردنین.

ئەوەشی وت: بە داخەوە زۆرێک لە کاڵا هاوەردەکراوەکان ژمارەی جیاکردنەوەی لە سەر نییە کە ئایا تۆ دەتوانیت جارێکی دیکە بە کاری بێنیتەوە، بۆیە کەس نازانێت پێکهاتەکانی ئەو کاڵایە چییە، کە ئەمەش بەرپرسی یەکەم کوالێتی کۆنتڕۆڵە کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگرییان لێ ناکرێن و تا ئێستا لە ئاستی حکومەت کارێک بۆ ئەوە نەکراوە.

ئاماژەی بەوەشدا کە لە تانجەرۆ کارگەی بچوک بچوک هەیە کە خەڵک ماددە پلاستییکیەکان لە گەڕەک و ماڵان کۆدەکەنەوە و دەیبەن بۆ ئەو کارگانە و ئەوانیش بەرهەمی لێ درووست ناکەن، بەڵکو تەنیا پلاستیکەکان ورد دەکەن و پاشان دەینێرنە دەرەوە، یان ئەگەر بەرهەمێکیان هەبێت تەنها سەتڵی خۆڵ و بۆری پلاستیکی لێ دروست دەکەن.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لایەنە حکومییەکانی هەرێم چەند بڕیارێکیان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماددە پلاستیکییەکان دەرکرد، لە نویترین بڕیاریشدا، قائیمقامی سلێمانی بڕیاریدا کە پێویستە كۆمپانیاكانی پاكردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك و خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكان پابەندبن بە بڕیاری جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لەگەڵ ماددە خۆراكییەكان.

ک.س