شاخی خۆشک لە نیوەڕۆوە دەسوتێت

بەهۆکارێکی نادیار، ئاگر لە شاخی خۆشک کەوتوەتەوە و نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت و تا ئێستا بەردەوامە لەسووتان.


لەنیوەڕۆی ئەمڕۆوە، ئاگرێک لە چیای خۆشک، کە دەکەوێته نێوان هەردوو شارەدێی مەیدان-  بەمۆ سەربەشارۆچکەی خانەقین، کەوتوەتەوە .

عەزیز محەمەد، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی بەرگری شارستانی مەیدان، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ڕووبەرێکی بەرفراوان لە چیای خۆشک ئاگری گرتووە و بەتەواوی سووتاوە، تا ئێستاش ئاگرەکە بەردەوامە لە سووتان و مەترسی تەقینەوەی بۆمبی لەناوچەکە دروست کردووە، چونکە ئەو شوینەی ئاگرەکەی تێدا بەردەوامە، مینی سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی لێیە و بەدیوی شارۆچکەی دەربەندیخان ئاگرەکە بەردەوامی هەیە.

بەڕێوەبەری بنکەی مەیدان، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شوێنەی ئاگری تێدا کەوتوەتەوە بەرزە و ناتوانرێ بە ئۆتۆمبیل ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە .

باسی لەوەشکرد، جگە لە تیمەکانی بەرگری شارستانی ، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس وخەلکی ناوچەکە بەشدارییان کردووە لە کوژانەوەی ئاگرەکە.

تا ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە، بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئەم کارەش تۆمەتبارێک لەلایەن بنکەی پۆلیسی مەیدان دەستگیرکراوە.

ب.ش