شاخەوانانی کەلار سنوورەکەیان پاکدەکەنەوە و داوایەکیش ئاراستەی هاوڵاتیان دەکەن

بەمەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە ژینگە و پاکڕاگرتنی، گروپی شاخەوانیی کەلار، هەڵمەتێکی پاککردنەوەیان لە گوندی بەرلوتەوە بۆ گەڕەکی بەردەسوری شارۆچکەکە بەڕێوەبرد، داواش دەکەن، کە لە بەهار و گەشتەکاندا هەمووان ژینگە و سروشت بپارێزن.


ئەمڕۆ گروپی شاخەوانی کەلار، بەمەبەستی پاکڕاگرتن و جوانترکردنی ژینگەی ناوچەکە، هەستان بە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی پاککردنەوە لە گوندی بەرلوتی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانەوە بۆ گەڕەکی بەردەسوری شارۆچکەکە، بە درێژیی نزیکەی سێ کیلۆمەتر.

گروپەکە پێکهاتوون لە ١٤ ئەندام، وەک خۆیان دەڵێن، خۆیان بە بەرپرسیار بەرامبەر ژینگە دەزانن و داواشیان کرد، کە هەمووان پێکەوە هەوڵی پاراستنی ژینگە بدەن، بەتایبەت لە کاتی گەشتوسەیرانی بەهاردا.

س.ح