شارەزوور، مامۆستایان و خوێندکاران داوای بە کلتورکردنی لێخوڕینی پاسکیل دەکەن

بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی سەرشەقامەکان و پاراستنی ژینگە، مامۆستایان و خوێندکارانی قوتابخانەیەک لە شارۆچکەی شارەزوور، بە لێخوڕینی پاسکیل چونە بەردەم قائیمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سنوورەکەیان.


ئەمڕۆ بەشێک لە خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگای ئەحمەد موختارجاف، لە شارۆچکەی شارەزوو-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی داواکارییەکیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ بەکەلتورکردنی بەکارهێنانی پاسکیل.

سەرەتا خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگای ئەحمەد موختار بە لێخوڕینی پاسکیل بەرەو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی شارەزوور بەڕێکەوتن و لەوێش لەلایەن ئەفسەرو کارمەندانی هاتووچۆوە پێشوازییان لێکرا.

خوێندکاران نوسراوێکیان ئاراستەی هاتووچۆی شارەزوورکرد، کە داواکاربوون لە شەقامەکانی شارەزوور کارئاسانی و هێڵکاری بکرێت بۆ ئەوەی خوێندکاران و مامۆستایانیش بتوانن لە بری ئۆتۆمبێل پاسکیل بەکاربهێنن بۆ چونە دەوامی ڕۆژانەیان.

دواتر خوێندکاران و مامۆستایان بە هاوڕێیەتی نەقیب زانا عەزیز بەڕێوەبەری هاتووچۆی شارەزوور، بە لێخوڕینی پاسکیل بەرەو قائیمقامییەتی شارەزوور بەڕێکەوتن، لەوێش هەمان داواکارییان ئاراستەی ڕزگار غەفور قائیمقامی شارەزوور کرد، لە بەرامبەردا هەریەکە لە قائیمقام و بەڕێوەبەری هاتووچۆی شارەزوور بە ڵێنیان بە خوێندکاراندا، کە کاری جدی بکەن بۆ بە کلتورکردنی بەکارهێنانی پاسکیل لە ژیانی ڕۆژانەی خوێندکاران و فەرمانبەرانی سنوورەکە.

س.ح