شارەوانی و ئاسایشی شەنگال بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەکان لە ئامادەباشیدان

بەرپرسانی شارەوانی و ئاسایشی شەنگال ڕایانگەیاند: ڕێوشوێنەکانیان بۆ پێشگرتن لە ئاگرکەوتنەوەکان لە دەغڵودانی جوتیاران بەردەوامە و بۆ ئەو کارە لە ئامادەباشیی تەواودان.


لە شەنگال بۆ پێشگرتن لە ئاگرکەتنەوە لە زەوی و دەغڵودانی جوتیاران، شارەوانی و ئاسایشی ئێزدیخان، ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر و هەوڵی بۆ دەدەن.

لەو بارەیەوە مراد ئازاد، ئەندامی بەڕێوەبەریی شارەوانیی خانەسۆر، دەڵێت: ئەو ڕێوشوێنانەی گرتوومانەتەبەر بەردەوامن و ئەوەی لە دەستمان بێت دەیکەین، داواشی لە خەڵک کرد کە لە بەرامبەر ئاگرکەوتنەوەکان هۆشیاربن.

هەروەها حسێن خشام ئەندامی ئاسایشی خانەسۆر لەو بارەیەوە وتی: بۆ دۆخە بەپەلەکان ئامادەکاریمان کردووە، ئەگەر بینیمان ئاگر لە شوێنێک کەوتبێتەوە، بەپەلە دەستێوەردان دەکەین، لە شەنگال زەوییەک نەماوە کە نەچێندرابێت، بۆیە ئێمەش لە بەرامبەر ئاگرکەوتنەوەکاندا هۆشیارین.

حسێن خشام هەروەها ئاماژەی بە پێوستی هۆشیاری خەڵک کرد و وتی: پێویستە جگەرەی نەکوژاوە فڕێنەدرێت و هەموو هاوڵاتیان ڕەچاوی ئەم خاڵە بکەن، چونکە ئێرە خاک و ماڵی ئێمەیە.

ک.س