شاندی لایەنەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆبوەوە

شاندی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە داخراوبوو و ڕێگا نەدرا میدیاکان ڕووماڵی بکەن.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە هاوینەهەواری پیرمام لە شاری هەولێر، لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە ماوەی یەک کاتژمێری خایاند و ڕێگا نەدرا میدیاکان ڕووماڵی بکەن، دوای کۆبوونەوەکەش هیچ زانیارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوکەوە ئاشکرانەکرا.

شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتوون لە سەرۆک و سکرتێری چوار حزبی کوردیی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ناویشیاندا شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات – پەیەدەی تێدایە.

شاندەکەش ماوەی پێنج ڕۆژە لە باشوری کوردستانن و بڕیارە چەند ڕۆژێک بمێننەوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کۆببنەوە، مەبەستی سەردانەکەشیان بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردییەکانە لەم دۆخەی کە ئێستا ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت.

هەروەها پرسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیش لەسەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، تەوەرێکی دیکە و گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت لەگەڵ لایەنەکانی باشوری کوردستان.

ک.س