شاندی ڕۆژئاوا و پژاک جەختیان لە گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە

شاندی حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک کۆبوونەوە و جەختیان لە پێویستیی یەکڕیزیی کورد کردەوە.


ئەمڕۆ، شاندی حزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، سەردانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاکیان کرد و لەگەڵ شاندێكی هاوسەرۆکان و مەجلیسی پژاک کۆبوونەوە.

شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتوون لە سەرۆک و سکرتێری چوار حزبی کوردیی ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن شاندێکی مەجلیسی پژاک-ەوە بە سەرۆکایەتی هەریەکە لە سیامەند موعینی و زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکانی پژاک-ەوە پێشوازییان لێکرا.

لەدوای کۆبوونەوەیەک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا جەمال شێخ باقی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردی سوریا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ستایشی هەڵوێستی پژاک-ی کرد و وتی: پژاک یەکێکە لە لایەنە زۆر نزیکەکان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، لە ڕووی پشتیوانیی و بۆچوون و هەڵسەنگاندنەوە، ئێمە زۆر خۆشحاڵبووین بەم کۆبوونەوەمان لەگەڵیاندا و کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتووبوو.

دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، وتی: باسمان لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر عەفرین و باشوری کوردستان کرد، هەروەها گفتوگۆی تێروتەسەلمان لەسەر سەرکەوتنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و وەرگەڕاندنی ئەو سەرکەوتنانە لەڕووی سەربازییەوە بۆ سیاسیی، هەروەها بەشێوەیەکی گشتیش باسمان لە دۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە کرد و جەختمان لە پێویستیی یەکێتیی کورد کردەوە بۆ ئەم قۆناغە.

هەروەها زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک لە لێدوانە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ئاماژەی بە گرنگیی هەوڵەکانی شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و وتی: ئێمە ئەم هەنگاوانە بە گرنگ دەبینین بۆ یەکێتی کورد، ئێمە ئێستا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبین، داگیرکەرانی کوردستانیش هەر دەچێ داگیرکارییەکانیان لەسەر کوردستان چڕتر دەکەنەوە، پێمانوایە ئەم هەڵمەتەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بە هەڵوێستێکی یەکگرتووانە ڕووبەڕووی داگیرکارییەکان ببینەوە.

هاوسەرۆکی پژاک، وتیشی: بۆ ئێمە و لایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێت ئەم شاندەی ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە نموونە بۆمان، پێویستە ئێمەش ئەم یەکڕیزییە و هاوبەشییە پێکبهێنین، ئێمەش لای خۆمانەوە وەک پژاک لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵ بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی کورد دەدەین.

س.ح