لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی موسڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، کۆمپانیای تورکیی هەن لە چیاکانی هەرێمی کوردستان دار دەبڕنەوە و دەیانبەنەوە بۆ تورکیاو دەیانفرۆشن.
غەیاس سورچی، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی موسڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی بڕینەوەی دارەکانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: هێزەکانی تورکیا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی عێراق ژمارەیەکی زۆر دار بە بولدۆزەر دەبڕنەوە و دواتر پاکیان دەکەن و بە مەبەستی فرۆشتنیان دەینابەنەوە بۆ تورکیا.
دەشڵێت: کۆمپانیای تورکی هەن کە لە چیاکانی هەرێمی کوردستان کە بەپێی خواست دار دەبڕنەوە و جۆرە دەگمەنەکانی دارەکان بازرگانییان پێوە دەکرێت.
لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی موسڵی یەنەکە بەپێویستیشی دەزانێت، ئەو دیاردەیە بەزوویی چارەسەر بکرێت و دەڵێت: دەبێت ئەم دیاردەیە پێش ئەوەی درەنگ بێت چارەسەربکرێت، چونکە کاریگەرییەکی بەرچاو دەکاتە سەر ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ ڕۆژنیوز بڵاویکردەوە، کە دەوڵەتی تورک لە دۆڵی ساخان و شەشداران-ی سەر بە زاخۆ لەژێر چاودێریی هێزەکانی پەدەکە و پاسەوانی سنووردا، بەردەوامن لە بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچەکە، دیمەنەکانیش دەریدەخەن کە ئاستی زیانەکانی ژینگەی ناوچەکە بەدەستی سوپای تورک گەیشتووەتە چ ئاستێک.
پێشتریش ڕۆژنیوز لەزاری سەرچاوە هەرێمییەکانەوە ئاشکرایکرد، کە لە ناوچە شاخاوییەکانی هرورێ لە ناوچەی بەرواری، سوپای تورک بارەگایەکی نوێی سەربازیی دروست دەکات و بۆ ئەوەش ڕێگایەکی درێژیان بەناو دارستانەکانی ناوچەکەدا دروستکردووە.
سوپای تورک بە هاوبەشیی لەگەڵ بەرپرسانی پەدەکە هەزاران داری لەو ناوچانە بڕیوەتەوە و بازرگانییان پێوەدەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی بهێندرێت ئاشکرای کردبوو، کە دروستکردنی بارەگا سەربازییەکەی دەوڵەتی تورک و بڕینەوەی دارستانەکان لە سنووری هرورێ، بە هاوکاریی دلێر فەرزەندە زێباری، فەرماندەی لیوای یەکی پاراستنی سنوور ئەنجامدەدرێت، کە فەرماندەیەکی سەر بە پەدەکەیە.
ب.ل