فڕێدانی پاشماوەکان ژینگە و سیمای دەروازەی کەلاری تێکداوە

به‌شێك له‌هاوڵاتیان و خاوه‌ن كاره‌كانی شارۆچكه‌ی كه‌لار، پاشماوه‌ی خانوو، پێستەی ئاژه‌ڵ، خۆڵ، خواردن و دەرمانی بەسەرچوو له‌ده‌روازه‌ی شارۆچکەکەیان‌ فڕێده‌ده‌ن، ژینگه‌ پارێزێکیش ئه‌و كاره‌ بە هەڕەشە و پیسکردنی ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ دەزانێت و بە پێویستی دەزانێت ‌ شاره‌وانی ئه‌وانه‌ی بەو كاره‌هه‌ڵده‌ستن سزایان بدات، سەرۆکی شاره‌وانی کەلاریش دەڵێت: هه‌ركه‌س ئەو کارە بکات سزای ده‌ده‌ن.


له‌ ده‌روازه‌ی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان و له‌به‌رامبه‌ر زانكۆی گه‌رمیان، له‌ چه‌ند جێگایه‌ك پاشماوه‌یەکی زۆری دروستكردنی خانوو، ده‌رمان، خواردنی ماوه‌ به‌سه‌رچووی ماركێت و دوكانه‌كان و پێستەی ئاژەڵ و خۆڵ له‌ ته‌نیشت شه‌قامه‌كه‌ فڕێدراوه‌، ئەوەش ژینگە و سیمای ناوچەکەی تێکداوە و هاوڵاتیانی سنورەکەشی نیگەرانکردووە، ژینگە پارێزانیش داوادەکەن شاره‌وانی‌ ڕێگیری له‌و دیارده‌یه‌ بكات و ئه‌و شوێنه‌ سه‌وز بكات بۆ جوانكردنی  سیمای ده‌روازه‌كه‌ بۆ ئەوەی چیتر ئه‌و دیارده‌ ناشرینه نه‌مێنێت.

لەسەر ئەو پرسە ئیبراهیم زه‌ریف، سه‌رۆكی ڕێكخراوی ژینگه‌پارێزی گه‌رمیان، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و ڕایگەیاند، "ئه‌و پاشماوانه‌ی فڕێدراون له‌ده‌روازه‌ی كه‌لار، كاری هاوڵاتیانه‌ بێ گوێدانه‌ به‌رپرسیارێتی، له‌ڕووی ژینگه‌ییه‌وه‌ كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت بۆ ژینگه،‌ چونكه‌ ئه‌و شتومه‌كانه‌ی له‌وێ فڕێدراون هه‌مه‌ جۆرن، وه‌ك پێستی ئاژه‌ڵ، ده‌رمان، خواردن، دوورنیه‌ بۆنه‌كه‌ی له‌ ماوه‌ی داهاتوودا چاره‌سه‌ر نه‌كرێت و دانیشتوانی گه‌ڕه‌كی به‌رده‌ سوور كه‌ چه‌ند سه‌د مه‌ترێك دوورن له‌و شوێنه‌وه‌ بێزار بكات".

به‌رپرسی ڕێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كه‌، وتیشی: ئه‌و شوێنه‌ سیمای شاری تێكداوه‌ و پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی كه‌لار، هه‌ستێت به‌ڕێگریكردن له‌و دیارده‌یه ‌و هه‌ركه‌س سه‌رپێچی كرد سزا بدرێت، گرنگه‌ ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ سه‌وز بكرێت و له‌ڕووی ژینگه‌ییه‌وه‌ بایه‌خی پێبدرێت، ئه‌و شوێنانه‌ی خه‌ڵك پاشماوه‌ی لێ فڕێ ده‌دات بكرێته‌ سه‌وزایی و دیمه‌نێكی جوانتر ببه‌خشێت، نه‌ك به‌وشێوەیە‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌.

هەر لەسەر ئەو پرسە ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌لار، به‌ ڕۆژنیوزی وت: ئاگاداری ئه‌وه‌ین هاوڵاتیان ئه‌و پاشماوانه‌ له‌ته‌نیشت شه‌قامی ده‌روازه‌ی كه‌لار فڕێده‌ده‌ن، هه‌ڵبه‌ت پۆلیسی ١٠٤ چاودێری ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ به‌وكاره‌ ناشارستانیه‌ هه‌ڵده‌ستن، بێگومان ته‌نها ئه‌و شوێنه‌ نیه،‌ به‌ڵكو له‌ نزیك گوندی به‌رلووت تا ده‌گاته‌ ده‌روازه‌كه‌ پاشماوه‌ی لێ فڕه‌ده‌درێت و هه‌فتانه‌ پاكی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌ستن، یا له‌شه‌ودا فڕێده‌ده‌ن یا لەکاتێکدا دەیکەن کە ده‌وام نیه‌ .

ئه‌كره‌م ساڵح، وتیشی: هه‌ر هاوڵاتیه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ ده‌ستگیر بكرێت سزا ده‌درێت، خه‌ڵكیشمان ده‌ستگیركردووه‌ و جگه‌ له‌وه‌ی سزای مادیمانداوه‌، زۆر به‌زیاده‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و پاشماوەیە‌ی فڕێیداوه‌، پێمان فڕێداوه‌ته‌وه‌، له‌ پلاندا هه‌یه‌ ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ به‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك جوان بكرێت‌ و له‌ ئێستاشدا كاركردن بۆ سه‌وزكردنی ده‌ستیپێكردووه‌.

ک.س