قائیمقام: سلێمانی یەكێكە لە شارە خاوێنەکان لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی دەڵێت: بەهۆی بەدواداچون و چاودێریی بەردەوامی لیژنەهاوبەشەكان، شاری سلێمانی یەكێكە لە شارە هەر خاوێنەکان لەڕووی پێداویستی خۆراك و ڕۆژانەی هاوڵاتیان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان.


ئەمڕۆ، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە ڕۆڵی لیژنەهاوبەشەكان کرد لە هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان و ڕێگرییكردن لە هەر كارێك  كە زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی بگەیەنێت.

قائیمقامی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد رۆژانە لەرێگەی " 32" لیژنەی جیاوازەوە چاودێری هەموو شوێنەكان دەكرێت و بەهۆی چاودێری بەردەوام و بەدواداچونی لیژنەكان بۆ بازاڕ و ماركێت و شوێنە گشتیەكان تارادەیەكی بەرچاو زۆربەی شوێنەكان پابەندن بە جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن، كە ئەمەش بۆ هەموو لایەك جێگەی دڵخۆشییە.

 وتیشی : ئەم هۆكارانە وایكردووە سلێمانی ببێتە یەكێك لە باشترین شارە خاوێنەکان لەڕووی پێداوییستیی خۆراك و ڕۆژانەی هاوڵاتیان نەك تەنیا لەسەر ئاستی هەرێم بگرە لەسەر ئاستی شارەكانی تری عێراق.

 لە بەرامبەر ئەو كارە گرنگانەش كە كردویانە بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و رێگری لە سەرپێچی كاران قائیمقانی سلێمانی دەستخۆشی لە هەموو ئەندامانی لیژنەهاوبەشەكان كرد و داوای لێكردن بەهەمان گیانی دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە بەردەوام بن، داواشی لێكردن وەك هەمیشە لە چوارچێوەی یاساو رێنماییەكان كارەكانیان جێبەجێ بكەن و مامەڵەیەكی نەرم و  نیان لەگەڵ هەموو لایەكدا بكەن.

لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەلایەن ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانیەوە سەرپەرشتی دەكرێت و جگە لە نوێنەری   قائیمقامیەتی سلێمانی نوێنەری زۆربەی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی تێدایە.

ش.ف