قالۆنچەی‌ ڕه‌ش‌ مەترسی ده‌خاته‌ دڵی‌ هاوڵاتیانی گه‌رمیانەوە

پەیدابوونی جۆرە قالۆنچەیەکی‌ ڕه‌ش‌ و بڵاوبونەوەی بەشێوەیەکی بەرفراوان هاوڵاتیانی گه‌رمیانی هەراسان کردووە، پسپۆرێكی بواری مشه‌خۆرناسیش، دەڵێت: ‌ئه‌و قالۆنچەیە‌ به‌هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ بدات مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت تووشی هەستیاری (حه‌ساسێتی) بكات.


دانیشتوانی سنوری گه‌رمیان، بڵاوبوونەوە و زۆربوونی مێروویەک کە بە قالۆنچه‌ ڕه‌شه‌كه‌ ناسراوە و لە سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵەوە دەرکەوتووە، هەراسانی کردوون و داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان قەڵاچۆیان بکات.

لەو بارەیەوە كارزان عه‌زیز، هاوڵاتی، دانیشتووی شارۆچكه‌ی كفری‌، سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بە ڕۆژنیوزی وت: قالۆنچه‌ ڕه‌شه‌كه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر، له‌ماڵ و دوكان و ماركێت و زۆربه‌ی شوێنه‌كان هه‌یه‌، هاوڵاتیانی به‌ته‌واوه‌تی بێزار وهه‌راسان كردووه‌، ده‌چێته‌ هه‌موو جێگایه‌كه‌وه‌، وه‌ك ناو جل و به‌رگ و خۆراك، به‌داخه‌وه‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار تا ئێستا هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و مێرووه‌ و له‌ناو بردنیشی نه‌داوه‌.

محه‌مه‌د مه‌جید، هاوڵاتییەکی دیکەی دانیشتوی شاره‌دیی ڕزگاری، سەر بە شارۆچکەی کەلارە و به‌ ڕۆژنیوزی وت: ئه‌م مێرووه‌ ڕه‌شه‌ به‌هه‌ر جێگایه‌كی له‌شی مروڤه‌وه‌ بدات سور ده‌بێته‌وه‌ و توشی خوران دێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ده‌رمان ناتوانێت له‌ناوی ببات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توێكڵێكی ڕه‌شی ئه‌ستوری پێوه‌یه‌، هه‌ركاتێكیش ده‌یكوژیت بۆنێكی پیسی جیاوازی هه‌یه‌، خه‌ڵكی نیگه‌ران كردوه‌.

لە بارەی جۆری مێرووەکە و مەترسییەکانی عومەر مەحمود‌، پسپۆری بواری مشه‌خۆرناسی، بە ڕۆژنیوزی ڕا‌گه‌یاند، ‌ئه‌و قالۆنچەیە‌ به‌هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ بدات شوێن ده‌می سوور ده‌بێته‌وه‌ و مه‌ترسی ئه‌وەشی لێ ده‌كرێت توشی نه‌خۆشی هەستیاری (حه‌ساسێتی) بكات.

وتیشی: له‌سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هاری ئه‌مساڵه‌وه‌، ئەو قالۆنچەیە له‌سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان، به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر په‌یدابووه‌، ‌كه‌ بە ( ئافات) ناسراوە‌، واته‌ زیانبه‌خش و به‌زۆری له‌وڵاتانی عێراق و سوریا و میسر، ئه‌م مێرووە هەیە‌ زیانی زۆری بۆ مێرووه‌كانی دیكه ‌و به‌ربوومی کشتوکاڵی هه‌یه‌، بەڵام نه‌خۆشی ناگوازێته‌وه‌ بۆ مرۆڤ.

ک.س