قەرەداغ، ٤٠٠ دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتان

لە سنوری شارۆچکەی قەرەداغ، لە چوار ڕووداوی جیاوازی ئاگرکەوتنەوەدا ٤٠٠ دۆنم پوش و پاوان و دارستان سووتان، لە شارباژێڕیش دوو کورەی خەڵوز لە لایەن پۆلیسی دارستانەوە تێکدران.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، بە ڕاگەیەنراوێک ئاماری ڕووداو و چالاکییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویان بڵاوکردەوە.

لەو بارەیەوە هێمن کمرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای  سلێمانی، ڕایگەیاند: لە چوار ڕووداوی  جیاوازی ئاگرکەوتنەوە  لە سنوری شارۆچکەی قەرەداغی پارێزگای سلێمانی، لە سنوری (گوندی گومەتە، چیای سێوسێنان، کەڵۆش، چیای خاوێ و مێوڵی و بەنداوی چەمی سمۆرە)، نزیکەی (٤٠٠) دۆنم لە پوش و پاوان و دارستانی سروشتی سنورەکە سووتان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، تەنها لە یەكێك لە ڕووداوەکاندا کەسێك بە تۆمەتی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە، ڕووداوەکانی دیکەش هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکانیان نەزانراوە.

پۆلیسی دارستان لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی  شارباژێڕ لە گوندی هەباسە چەقەڵ، دوو کورەی خەڵوزیان تێکداوە و دەستیان گرتووە بەسەر ٦ فەردە خەڵوزدا.

ک.س