قەندیل لەنێوان بەهار و هاویندا

لە ڕۆژانی کۆتایی وەرزی بەهار و سەرەتای وەرزی هاوین-داین، بەڵام هێشتا لە قەندیل سەرەتای وەرزی بەهارە و شاخ، بەفر، کانیاو، گوڵ و دەنگی بولبول، سروشتێکی ناوازەی بە ناوچەکە بەخشیوە.


تەمەنی بەهار تەنیا دوو ڕۆژی ماوە و دەبێتە دەستپێکی وەرزی هاوین، ئەگەرچی لەئێستاوە گەرمایەکی تاقەت پڕوکێن ڕووی لە هەندێک ناوچەی باشوری کوردستان کردووە، بەڵام چیاکانی قەندیل تازە خۆیان لە بەفر دەتەکێنن و ئاوێکی سازگار بە داوێنیاندا دەچۆڕێنن.

هێشتا گوڵەکانی قەندیل بەدەم کزەبای ساردی بەیانییانەوە پێدەکەنن و خۆیان لەبەر هەتاو هەڵدەخەن تا قەدی بەستوویان خاوبکەنەوە و نیگای ڕەشماڵنشینان و گەشتیاران بە جوانییەکەیان تێر بکەن.

ئێرە گۆری مالیخە، مەڕداران لەگەڵ دەرکەوتنی گزنگ-دا ئاژەڵەکانیان دەبەنە چیاکان و بۆ لەوەڕاندن، ئێوارانیش دەیاندۆشن و شیرەکانیان دەهێننەوە بۆ ژێر ڕەشماڵ و لە کوانووی ژێر ڕەشماڵ-دا ئاگرێک دەکەنەوە و چایەک لێدەنێن، تا بە خواردنەوەی چایەک ماندوێتیی ڕۆژیان بحەسێننەوە، منداڵان-یش هێشتا سەرمای زستان لە جەستەیاندایە و لەتەنیشت کوانووەکەوە خۆیان گەرم دەکەنەوە.

لێرە ژیان سادەیە دوور لە تەکنەلۆژیا و ئاوێزان لەگەڵ سروشت.

ش.ف