كۆڵەكۆڵ ئەو تاڤگەیەی ڕوانین تێر ناکات

ناوچەی باڵەكایەتی خاوەنی چەندین كانی و سەرچاوەی ئاو و تاڤگەی سەرنج ڕاكێشە كە دیمەنێكی جوان و ناوازەیان هەیە و وێنەیان لەناوچەکەدا کەمە، كۆڵەكۆڵ یەکێک لەو تاڤگانەی سنورەکەیە کە بەهۆی جوانی و سحری سروشتەکەیەوە ڕوانینی گەشتیاران لێی تێر نابێت.  


لە دوای تاڤگەی كانی بەست، لە سنوری باڵەکایەتی كە بەرزترین تاڤگەی باشوری كوردستان و عێراقە و زیاتر لە ٣٤مەتر بەرزە، تاڤگەی كۆڵەكۆڵ، کە بەرزیەكەی نزیكەی ٣٠ی مەترە و كەوتووەتە گوندی دێڵزەی سەر بە شارۆچكەی چۆمان لە سنوری پارێزگای هەولێر، یەکێکی دیکەیە لەو تاڤگانەی کە بەرزیی و جوانی سروشتەکەی بووەتە جێگە سەرنجی گەشتیاران و بەتایبەت لە وەرزی بەهار بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش گەشتیاران و شاخەوانان سەردانی دەكەن.

تاڤگەی كۆڵەكۆڵ، كەوتووەتە بناری چیایی بەردەبووك لە گوندی دێڵزەی سەر بە شارۆچكەی چۆمان، بە دووری ٣ كیلۆمەتر كەوتووەتە بەشی باكوری شارۆچكەكە، كۆڵەكۆڵ، تاڤگەیەكی چوار وەرزەیە و بەگوێرەی وتەی دانیشتووانی ناوچەكە ناوی كۆڵەكۆڵ لە كۆڵ كۆڵی تاڤگەكانەوە هاتووە، واتا سەرەڕای تاڤگە سەرەكیەكە كە لە بەرزی نزیكەی ٣٠ی مەترەوە دەڕژێتە خوارەوە، دواتر بە چەند تاڤگەیەكی بچوكتر ئاوەكە لە شاخەكە دەڕژێت و وەك كۆل كۆل و پلیكانە ئاوەكە دێتە خوارەوە، كە بەمشێوازە لە زاراوەی دانیشوانی ناوچەكە دەگوترێت كۆڵ كۆڵ و دواتر بەپێی تێپەڕبوونی كات بووەتە كۆڵەكۆڵ.

هاژەی ئاوی تاڤگەگە و دیمەنی جوانی گوڵ و گوڵزاری دەوروبەری تاڤگەكە و چڕیی دارو درەختی كۆڵەكۆڵ، یەكێكی دیکەن لەو هۆكارانەی جوانیەكی زۆری بە ناوچەكە بەخشیوە و سەرەڕای زەحمەتی ڕێگا و نەبوونی شەقام، بەڵام گەشتیاران دوای بڕینی مەودایەكی زۆر بەپێ خۆیان دەگەیەنن تاڤگەکە، وەک خۆشیان دەڵێن بە گەیشتنیان ماندوبوونیان دەحەسێتەوە.

سەبار ستار، یەکێک لە گەشتیارەکانە و لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێی بۆ بینینی دیمەنە جوانەكانی سەردانی تاڤگەی كۆڵەكۆڵی کردووە، بۆ ڕۆژنیوز، قسەیکرد و وتی: هاتووین بۆ تاڤگەی كۆڵەكۆڵ بۆ بینینی دیمەنە جوانەكانی ئەم تاڤگەیە، كە بەڕاستی سروشتێكی جوان و ناوازەی هەیە و چێژێكی زۆرمان لێ وەرگرت.

سەبار دەشڵێت، تاڤگەکە نزیكەی ٣٠ی مەتر بەرزە و ئاوێكی سازگاری هەیە، پڕە لە دیمەنی جوان، بۆیە داوا لە گەشتیاران دەكەم ئەوانیش سەردانی تاڤگەکە بکەن و وەک ئێمە چێژ وەربگرن.

ڕێگای گەیشتن بە تاڤگەکە باشنییە و ڕێگای ئۆتۆمبێلی نیە و تا گەشتیار دەگاتە لای زەحمەتیەكی زۆر دەبێنێت، هەر بۆیە سەبار، پێیوایە، ئەگەر حكومەت خزمەت بە تاڤگەكە بكات و ڕێگا و پرۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ دابینبكات ئەوا ناوچەكە گەشتیاری زۆر لە خۆی كۆدەكاتەوە و دەبێتە سەرچاوەیەكی باشی ئابووریی، بۆ ناوچەکە و هەرێمی کوردستان.

ک.س