لەجیاتی حکومەت دوو هاوڵاتی شارۆچکەکەیان خاوێن دەکەنەوە

بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە، کۆمپانیای گارێکس کاری خاوێنکردنەوەی شارەزووری ڕاگرت و زبڵ و خاشاکێکی زۆر لە شارۆچککەدا کۆبووە، گەنجێک و پیاوێکی بەتەمەنیش بە خۆبەخشانە زڵ و خاشاکەکە هەڵدەگرنەوە و دەیڕژن.


عەبدوڵا محەمەد تەمەن ٥٧ ساڵ و سەرکەوت محەمەد تەمەن ٣٥ ساڵ، بەرگەی بینی دیمەنی ناحەزی زبڵ و پیسبوونی ژینگەی شارۆچکەکەیان نەگرت و خۆبەخشانە دەستیانب ە کۆکردنەوەی زبڵی ناو شارۆچکەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی کرد.

ئەو دوو هاوڵاتییە، بە تراکتۆرێک بەناو بازاڕی شارۆچکەکەدا دەگەڕێن و ئەو زبڵەی کۆبووەتەوە، کۆیدەکەنەوە و دەیڕژن.

دانیشتوانی شارەزوور بە کارە ژینگەدۆستییەکەی ئەو دوو هاوڵاتییە زۆر دڵخۆشن و دەستخۆشییان لێدەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانن لە بێباکیی حکومەت، کە بەهۆی کەمتەرخەمیی ئەوانەوە کۆمپانیای گارێکس کارەکانی ڕاگرتووە و زبڵ و خاشاکێکی زۆر لە ناوچەکەیاندا کۆدەبێتەوە.

ماوەی سێ ڕۆژە کۆمپانیای گارێکس، کە کاری کۆکردنەوەی زبڵ دەکات، لە شارەدێکانی سیروان، خورماڵ، بیارە، تەوێڵە و شارۆچکەی سەیدسادق-ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور، عەربەت، بەرزنجە، پێنجوێن و شارەدێی وارماوای سەر بە پارێزگای سلێمانی، کارەکانی ڕاگرتووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە ١٥/٧/٢٠١٩ –وە گرێبەستەکەیان لەگەڵ حکومەت تەواوبووە و لەلایەن حکومەتەوە پارەیان بۆ خەرج نەکراوە.

ش.ف