لەخوێندنگایەک ١٢٠ نەمام لەلایەن خوێندکارانی پۆلی یەکەوە چێنران

لەخوێندنگایەکی بنەڕەتی شارۆچکەی شارەزوور، ١٢٠ نەمام لەلایەن خوێندکارانی پۆلی یەکەمەوە چێنران.


بەئامانجی ڕێزگرتن لەسروشت، لەقوتابخانەی دەرسیمی بنەڕەتی لەشارۆچكەی شارەزوور، ١٢٠ نەمام لەلایەن ئەو خوێندکارانەی پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە چێنران کە ئەمساڵ لە خوێندنگا وەرگیراون.

لەو خوێندنگایە بۆ ئەمساڵی خوێندن ١٦٠ خوێندکار وەرگیراون، بڕیاریشبووە هەر خوێندكارێك لەقۆناغی یەكەمدا وەربگیرێت بەهاوكاری كەسوكارەكەی نەمامێك لەباخچەی قوتابخانەكەدا بچێنێت، بەڵام ئەو خێزانانەی باری داراییان باش نەبووە، زۆریان لێنەكراوە بۆ كڕینی نەمامەكان، بۆیە ١٢٠ نەمام لە جۆرەکانی (سەبەح بەح، سنەوبەر و چەند جۆرێکی دیکەی نەمام) لە لایەن خوێندکارەکانەوە بۆ زیادكردنی ڕێژەی ڕووبەری سەوزایی لەناو بەخچە و گۆڕەپانی قوتابخانەكە چێنران.

ساڵی ڕابردووش لەهەمان خوێندنگادا بەهاوكاری كەسوكاری خوێندکارە نوێیەکان باخچەیەكی ٦٠٠ مەتری دروستكرا، بەڕێوەبەر و مامۆستایانی خوێندنگاکەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئامانج لەو کارەیان سەوزکردنی خوێندنگاکە و بۆ ئەوەیە قوتابیان فێری ڕێزگرتن لەسروشت بن نەوەک نەمامەكان بشكێننەوە.

ک.س