لەسەر دەستگیرکردنی بڕیار محەمەد سکاڵا دژی ئاسایش تۆمار کرا

لەسەر شێوازی دەستگیرکردنی بڕیار محەمەد، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سکاڵا دژی ئاسایشی هەولێر تۆمار کرا.


ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ڕێکخراوی زار بۆ بەرگریی لە ئازادییەکان و ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس، پارێزەر و چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، لەسەر شێوازی دەستگیرکردنی بڕیار محەمەد، پەیامنێری ئاژانسەکەمان، سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ-یان کرد و سکاڵای یاساییان دژ بە ئاسایشی هەولێر تۆمار کرد، دەستەکەش سکاڵاکەیان وەرگرت.

لەدوای تۆمارکردنی سکاڵاکە، بەهزاد موحسین، ئەندامی ڕێکخراوی زار بۆ بەرگرییکردن لە ئازادییەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەکەیانی خوێندەوە، کە تیایدا ئەم کابینەیەی بە "حکومەتێکی نوێ.. سەرەتایەکی ترسناک!" ناوبردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بە دەستگیرکردنی بڕیار محەمەد کرا بوو لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە و بە هەڵسوکەوتێک لە دەرەوەی یاسا ناوزەد کرا" ئەم هەڵسوکەوتەی ئاسایش بەرامبەر "بڕیار محەمەد"ی هاوکارمان لە دەرەوەی یاسایە، گەر ناوبراو لە شوێنێک یاساشکێنی کردبێ، دەبوو ئەم کەیسە ڕادەستی پۆلیس کرابا، پێویستە ئەم حکومەتە نوێیە جیا لەوانەی پێش خۆی، چیتر کەیسی سیاسی و ئەجێندای سیاسی بە هێزی یاسا یەکلا نەکاتەوە".

ڕێکخراوی زار، ڕاشیگەیاند:"ئەم ڕەفتارەی ئاسایش بەرامبەر "بڕیار محەمەد" و دەسگیرکراوانی ئەم ماوەیەی تەواوی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی مەدەنیی بە کەیسێکی یاسایی ناناسین و ئیدانە و شەرمەزاری دەکەین".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بەبیر هێندرابووەوە، کە"مانگێک لەمەوبەر هەمان ڕەفتار لە لایەن ئاسایشەوە بەرامبەر "زوبێر برادۆستی"ی ڕۆژنامەنووس ئەنجام درا و ماوەیەک پێشوتریش خەڵکانێک لەسەر بیروڕای سیاسی دەسگیر کران و تا ئێستا سەرەداوێک لە کەیسەکەیان دیار نییە".

باس لەوەش کرابوو"ئەم حکومەتە نوێیە بەم ڕەفتارانەی سەلماندی، کە لەڕووی ئازادیی و پانتایی ڕاجیایی، نەوەک هەر لەوانەی پێش خۆی جیا نییە، بەڵکو تۆخکەرەوەی سەرکوتکەریی و بەرتەسککەرەوەی چالاکییە مەدەنییەکانە".

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەڵامی ئەوە درابووەوە، کە بۆچی لەبەردەم دەستەی مافەکانی مرۆڤ ناڕەزایەتیەکانیان دەردەبڕن"بۆئەوەی دەستە فشار بخاتە سەر ئاسایش و حکومەت، تا کەیسی "بڕیار محەمەد" وەکو کەیسەکانی تر بەلاڕێدا نەبرێ و سیناریۆی درۆیینەی کۆمێدی و تراژیدی بۆ نەهۆنرێتەوە، دەمانەوێ بە زوترین کات بە پێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم، هۆکاری ئەم دەستگیرکردنە بۆ ڕای گشتیی کوردستان بەیان بکرێ، گەرنا ناچارین تەواوی ڕێکخراوە جیهانیە داکۆکیکارەکان لە مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسان بینینە سەر خەت".

هەروەها، ئاماژە بەوەش کرابوو"بڕیار محەمەد، ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە، دەبو سەندیکا پێش هەمو لایەک خاوەندارێتیی ئەم کەیسەی کردبا، بەڵام وەک هەمیشە شەرمیان لە ناوەکەی خۆیان نەکرد و سەندیکاکەیان خستەوە باوەشی هەژموونی دەسەڵات".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتبوو"لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە! دەبێ ئەم کەیسە لە یاسا لانەدا و هۆکار و ئەنجامی هەقیقی بۆ خەڵک ڕابگەیەنرێ، تا سەرکوتکەریی و ستەمگەریی بەرامبەر ئازادیخواز و چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنوسان بەردەوام بێ، ئەوا سوربون و پێداگری و دەنگ هەڵبڕینمان تیژتر دەبێت.

ش.ف