لەسەر ڕێگای٣ گوند ٢٠٠ عەلاگە زبڵ و پاشماوەی گەشتیارانیان كۆكردەوە

لە درێژەی ئەو چالاكییە ژینگەییانەی گەنجانی باڵەكایەتی ئەنجامی دەدەن، هەر جارەو ناوچەیەك لە زبڵ و پاشماوە پلاستیكییەكان پاك دەكەنەوە، گروپێك لەو گەنجانە هەستان بە پاككردنەوەی ڕێگای سێ گوندی سەر بە شارۆچكەی چۆمان.


ئەمڕۆ ژمارەیەك گەنجی ژینگە پارێز خۆبەخشانە هەستان بە پاككردنەوەی ڕێگای هەرسێ گوندی شیوەڵۆك و گۆرۆنی و ناوبەرگە، نزیكەی ٢٠٠ عەلاگە لە زبڵ و پاشماوە پلاستیكەكانیان كۆكردەوە، كە لەلایەن خەڵك و گەشتییارانەوە فڕێدرابوو.

چاوەڕێ عەبدبوڵا یەكێك لە چالاكوانانی ژینگە پارێز لە باڵەكایەتی بۆ ڕۆژنیوز وتی: لەبەردەوامی ئەو چالاكیە ژینگەییانەی گەنجانی باڵەكایەتی ئەمڕۆ هەستاین بە پاككردنەوەی ڕێگای هەرسێ گوندی شیوەڵۆك و ناوبەرگە و گۆرۆنی كە زبڵ و خاشاك لە شوێنێك فڕێ درابوو كە سیمای شوێنەكەی بەتەواوی شێواندبوو، ئێمەش وەك هەستكردن بە بەرپرسیارەتی هەستاین بە پاككردنەوەی سنورەكە.

وتیشی، ئەم هەڵمەتەشمان بەردەوام دەبێت و هەرجارەو شوێنێك بەشێوەی كۆمەڵە و گروپ پاك دەكەینەوە.

چاوەڕێ گلەیی لە گەشتیاران و هاوڵاتیان كرد كە وەكو پێویست هەست بە بەرپرسیاریەتی ناكەن لە پاك ڕاگرتنی ژینگە و خاوێنكردنەوەی ئەو وشوێنانەی گەشتی بۆ دەكەن.

د.ح