لەم دۆخی کەرەنتینەیەدا پێشمەرگەیەک بووەتە فریاد ڕەسی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان

بەهۆی داخستنی بازاڕو قەدەغەی هاتووچۆوە، کارەکەی سیروان محەمەد قورس بووە و بە ئاسانی ناتوانێت خواردن بۆ ئاژەڵ و سەگە بەرەڵاکان کۆبکاتەوە و لەکاتی خۆیدا تێریان بکات، بەڵام هەرچی بێت ئەو بەردەوامەو چەند لە خەمی پاراستنی نیشتیمانە، هێندەش لە خەمی پاراستنی ئاژەڵە بێلانە و باڵندەکانیشە.


ماوەی ٩ ساڵە سیروان محەمەد، کە پێشمەرگەیەکی شارۆچکەی شارەزوور-ی سەر بە پارێزگای سلێمانییە، بە شێوەی خۆبەخش هەڵدەستێ بە کۆکردنەوەی خۆراک بۆ ئاژەڵە بەرەڵا و باڵندەکان تا لە مەترسیی لەناوچوون پارێزراو بن.

سیروان زۆربەی ڕۆژ لەسەر گیرفانی خۆی خواردن بۆ ئەم ئاژەڵە بەرەڵاو سەگانە دەکڕێت تا بێ خوارد نەمێننەوە و لەناونەچن، لەم دۆخی قەدەغەی هاتووچۆ و داخستنی بازاڕەشدا، سیروان کۆڵی نەداوە و بەردەوامە لە کارەکەی.

سیروان، هەرچەندە باری دارایی باش نییە و کرێچییە، لەم قەدەغەی هاتووچۆیەدا خواردنی ئاژەڵەکانی لە بازاڕدا دەست ناکەوێت، بە ناچاریی خۆی لەماڵەوە هەڵدەستێ بە ئامادەکردن و پەیداکردنی خۆراک بۆیان.

ئەو ئاژەڵ دۆستە، باڵندەکانیشی فەرامۆش نەکردووە و ڕۆژانە دانەوێڵە و وردە نان لەبنی دارەکان و سەربان و شوێنە گشتیەکان ڕۆدەکات.

ئامادەیی خۆیشی نیشان دەدات بە خزمەتکردنی ئەو ئاژەڵانە بەشێوەیەکی فرانتر ئەگەر بێتو حکومەت شوێنی بۆ دابین بکات.

ئەو جگە لەوەی بە خواردن هاوکاریی ئاژەڵەکان دەکات، لەڕێگەی تیمار و چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانیشیانەوە هاوکارێکی باشە و سەدان ئاژەڵی لە مردن و لەناوچوون ڕزگار کردووە.

سیروان جگە لەوەی گیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە بۆ پاراستنی نیشتیمان و لولەی تفەنگەکەی ڕووکردووەتە دووژمن، لەملاشەوە دڵە گەورەکەی خستووەتە خزمەتی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان و لە پاڵ فەراهەمکردنی ئازادیی بۆ گەلەکەیدا، پێیوایە سروشتی کوردستان بە مانەوەی ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانەوە جوانتر و ئازاد تر دەبێت.

شێرزاد محەمەد هاوڵاتییەكی شارۆچكەی شارەزوورە و دەستخۆشیی لە سیروان دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە و بە ئەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی ناوی دەبات.

ش.ف