لەم شارەی کوردستان ورچێک هاتەسەر شەقام و ئۆتۆمبێل لێیدا

لە یەکێک لە شەقامە کوێستانییەکانی پارێزگای کرماشان، ئۆتۆمبێلێک لە "ورچێکی قاوەیی" داوە و برینداری کردووە، ورچەکە لە لایەن فەرمانگەی ژینگەی سەرپێل زەهاو گوازراوەتەوە بۆ کرماشان بۆ چارەسەریی.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای سەرپێل زەهاو بۆ داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان-ی ڕۆژهەلاتی کوردستان، کە شەقامەکە بە داوێنی شاخەکانەوە تێپەڕ دەبێت، ورچێکی قاوەیی هاتووەتە سەر شەقامەکە و بەهۆی تاریکی و ناهەمواریی کەشوهەواوە ئۆتۆمبێلێک لێیداوە و بریندار بووە.

دوای ئاگادار کردنەوەی فەرمانگەی ژینگەی سەرپێڵی زەهاو، ورچەکە لەلایەن کارمەندانەوە گوازراوەتەوە بۆ کرماشان بۆ چارەسەری و کاربەدەستان ڕایانگەیاندووە، کە چارەسەری بۆ ئەو ورچە کراوە و زیندووە.

ورچی قاوەیی جۆرێک لە ورچەکانە، کە بە زۆری لە ئەمریکای باکور و ڕوسیا-یە، لە ناوچەکانی نێوان ئەوروپا و ئاسیا و هەروەها کوێستانەکانی زاگرۆس لە کوردستان پەیدا دەبن، ئاژەڵێکی بە سروشت گیاخۆرە، بەڵام ماسی و شیردەرە بچووکەکانیش دەخوات، لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی ڕاوی نایاسایی ژمارەیان لە کوێستانەکانی زاگرۆس کەم بووەتەوە و مەترسی لەناوچوونیان هەیە.

زیاترین ژمارەیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوچەی پارێزراوی ژینگەیی کرماشان بەدیدەکرێت.

س.ح