لەم مانگەوە بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک هاوڵاتیان دەبێت پارە بدەن

شارەوانی سلێمانی لە سەرەتایی ئەم مانگەوە لە شاری سلێمانی بڕیاری کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتیان جێبەجێ دەکات و هەرماڵێک ٥هەزار دینار و دوکانیش لە ١٥ هەزار دینار بۆ سەرەوەی لێوەردەگیرێت.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتیان ئەنجامدا.

بڕیاری کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتیان، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ٢٠١٦ بریاری لە سەردراوە.

ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانی سلێمانی، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: ئێمە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەست دەکەین بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، وتیشی: بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ ماڵی هاوڵاتیان وەردەگیرێت ٥هەزار دینارە، مۆڵ، دوکان، بازاڕ و هوتێل و شوێنە بازرگانییەکانیش خۆڵ و خاشاکیان بە لیتر دیاریکراوە و دوکاندارەکان بە زۆری ١٥هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت و ئەوانەی دیکەش بەپێی شوێنە بازرگانییەکان بڕەکەیان دەگۆڕدرێت.

جێبەجێکردنی بڕیاری کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لە کاتێکدایە، هاوڵاتیان بەردەوام ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە داهاتەکانی هەرێم نادیارن و ئەو پارەیەی چەند ساڵێکیشە بە ناوی ژینگەوە لە شۆفێران وەردەگیرێت لە بواری ژینگەدا خەرج ناکرێت و کەس نازانێت چی لێدێت و هێشتاش هەرێمی کوردستان بەدەست چەندین گرفتی ژینگەییەوە دەناڵێنێت و داهاتەکان دەچنەوە گیرفانی حیزبەکان.

ک.س