لەپێناو ژینگەدا داوای زیادکردنی جێگرەوەی ماددە پلاستیکییەکان دەکرێت

هۆشدارییەکان لەبارەی پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەهۆی ماددە پلاستیکییەکانەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبن، ئێستا مەترسییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک، کە شارەزایانی بواری ژینگە داوا دەکەن کە شووشە و ستیل و تیڤاڵ و ماددەکانی دیکە بکرێنە جێگرەوەی ماددە پلاستیکییەکان.


هۆشدارییەکان لەمەڕ مەترسییەکانی ماددە پلاستیکییەکان، لە هەڵکشانی ڕێژەی بەکارهێنانی ئەو ماددانەوە سەرچاوەی گرتووە، بە جۆرێک ٦٠٪ی ئەو زبڵانەی کە ڕۆژانە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەکرێنەوە، لە ماددە پلاستیکییەکان پێکدێن.

ساڵ بەساڵ لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان، پێداویستییەکانیش زیاد دەکەن، بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستییانەش هەموو ڕێگایەک بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەو ڕێگایانە لەسەر بنەمای پاراستنی ژینگە نین، بۆیە تا دێت سەرچاوە بنەڕەتییە سروشتییەکان کەم دەکەن.

پلاستیک یەکێکە لەو ماددانەی زۆر بەکاردەهێندرێت، بەوپێیەی هەم سووکە و هەم بە ئاسانی بەکاردەهێندرێت، لە سەدەی ٢١ دا ئەو مادەیە زیاتر لە هەموو کاتێک پێی ناوەتە ژیانی خەڵکەوە، ئەوەش زیانی زۆر قورس بە ژینگە و بە ژیانی هاوڵاتیان دەگەیەنێت.

زیانەکانی ئەو ماددانە بەجۆرێک ئاسەواریان جێهێشتووە، مانگی ڕابردوو ٢٨ وڵاتی ئەوروپیی گفتوگۆی قەدەغەکردن و بەرهەمنەهێنانی ماددە پلاستییکییەکانیان کرد، بڕیاریشە لەم مانگەدا ئەو بابەتە ببێتە ڕۆژەڤی پەرلەمانی ئەوروپا، یەکێتی ئەوروپایش بەگوێرەی بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا، کار لەسەر قەدەغەکردن و بەرهەمنەهێنانی ماددە پلاستیکییەکان دەکات، بەشێوەیەک کە دوای تەواوکردنی ڕێککەوتنە ئیداریی و یاساییەکان، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە ئەو بڕیارە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ماددە پلاستیکیی و نایلۆنییەکان لە هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێن، بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە سێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک، ڕۆژانە ١٠ هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە، ٥٥٪ بۆ ٦٠٪ی ئەو زبڵانەش لە پلاستیک و نایلۆن و کاغەز پێکدێن.

مەترسییەکانی ئەو ماددانە لەسەر ژینگە و ئاو و هەوای هەرێمی کوردستانیش بەجۆرێکن، کە شارەزایانی بواری ژینگە، هۆشداریی لە بەکارهێنانی ئەو ماددانە دەدەن، داواش دەکەن، کە لە ڕێگای پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە لە ناوەندە ئەکادیمیی و زانستییەکاندا، کار لەسەر هۆشیاریی هاوڵاتیان لە بەکارهێنانی ئەو ماددانە بکرێت.

دکتۆر ساڵح مەجید، مامۆستای زانستە ژینگەییەکان لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی، بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکات، کە تاوەکو ئێستا لە ناوەندە زانستیی و ئەکادیمییەکاندا، کاری جددی لەسەر مەترسییەکانی ئەو ماددانە نەکراوە، چونکە دەڵێت: لەڕاستیدا زۆر بایەخیان بە مەترسییەکانی ئەو ماددەیە نەداوە، تەنانەت خودی حکومەتی هەرێمیش زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەر زیانەکانی ئەو ماددانە نەبووە.

ناوبراو، بەپێویستیشی دەزانێت، کە دەبێت ناوەندە ئەکادیمییەکان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەبارەی زیانەکانی ئەو ماددانە ئەمجامبدەن و کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا بکەن، لە زیانەکانی ئەو ماددانە، "بێگومانە ئەمە ئەرکی ئێمەیە، بەڵام ئایا تاچەند راسپاردەکانی ئێمە جێبەجێ دەکرێن ئەوە گرنگە".

بە گشتیی ماددە پلاستیکییەکان دوو کاریگەرییان هەیە، کاریگەریی ژیانیی کە لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیەتی، هەروەها کاریگەرییشی لەسەر ژینگە هەیە، بەو پێیەی ئەو ماددانە سەدان ساڵ لەناو خاکدا دەمێننەوە و وردە وردە تێکەڵ بە ئاو و خاک دەبن، هەروەها کۆمەڵێک ماددەیان تێدایە، کە هۆکارن بۆ تێکچوونی هۆرمۆنەکانی جەستە و کاریگەرییان لەسەر منداڵبوون دەبێت و کاریگەرییش لەسەر ڕووخساری مرۆڤ دەکەن، گورچیلە و جگەریش لەناودەبات.

بۆ ڕەواندنەوەی بەشێکی مەترسییەکانی ئەو ماددانەش، د.ساڵح مەجید، باس لەوە دەکات، کە دەکرێت ئەو ماددانە وەکو سەرچاوەیەکی وزە بەکاربهێندرێت، یانیش لە بەرهەمهێنانی ڕاخەر و هەندێ کەرەستەی دیکە، هەروەها ئەو قەفەسانەی کە سەوزە و میوەی تێدا دادەنێن بەکاربهێندرێنەوە، بەگشتیی دەتواندرێت ئەو ماددە پلاستییەکییانە لەو ئامانجانەدا بەکاربهێندرێنەوە، کە زیانی ژیانیی و ژینگەییان کەمترە، لەپێناو ئەوەی کە ئەم ماددە پلاستیکییانە تێکەڵ بە ئاو و ژینگە نەکرێت.

لە شاری سلێمانی ڕۆژانە هەزار و٢٠٠ تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە، ئەو زبڵانەی کۆدەکرێنەوە ڕەوانەی ناوچەی تانجەرۆی دەکەن، لەوێ زەوی هەڵکەندراوە و زبڵەکان دەڕێژرێنە ناویانەوە، بەڵام چونکە زۆربەی ئەو زبڵانە پلاستیکن، لەناو خاکدا ناتوێنەوە و زیانی زۆر بە خاکی ناوچەکە دەگەیەنن، ئەو زبڵخانانە تا دەچێت گەورەتر دەبن و بەرەو شوێنی ژیانی هاوڵاتیان پێشڕەویی دەکەن.

ڕیسانکلینگ، پرۆسەیەکە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەو ماددە پلاستیکییانەی کە فڕێدەدرێن، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، کە ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی دامەزراندنی کارگەیەکی ڕیسایکلینگ-ن، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێکەوە تاوەکو ئێستا کارگەکە نەکەوتووەتە کار.

ڕێبوار ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: سێ ساڵە سەرقاڵی دامەزراندنی کارگەیەکی ڕیسایکلینگ-ین لە ناوچەی تانجەری شاری سلێمانی کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەناوی لاڤارج وەرگیراوە، ڕێکارە یاساییەکانی تەواوکردووە و هەندێک ڕێکاری ئیداریی مابوو، وەک دروستکردنی ڕێگا و دابینکردنی کارەبا، کە زیاتر لە دوو ملیار دیناری پێویستە و حکومەتی هەرێمیش بەبیانووی قەیرانی دارایی، ئەو بڕە پارەیەی بۆ دابین نەکردووە، کۆمپانیاکەش ئیشوکارەکانی ڕاگرتووە.

ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ئێستادا کۆمپانیایەکی دیکەش لە ناوچەکانی نێوان شارەدێی تەکیە و شارۆچکەی چەمچەماڵ، سەرقاڵی دروستکردنی کارگەیەکی ڕیسایکلینگ-ن.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییانە، شارەزایانی ژینگە داوا دەکەن، کە هەتا دەکرێت بەکارهێنانی ماددە پلاستیکییەکان کەمبکرێتەوە و لەبەرامبەردا ڕوو لە بەکارهێنانی جێگرەوەی ئەو ماددانە بکرێت، کە خۆیان لە شووشە، فافۆن، ستیل و تیڤاڵ و ماددەکانی دیکە دەبیننەوە، کە زیانی کەمتر بە تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە دەگەیەنن.

ک.ک