لە بومەلەرزەکەی تاراندا دوو کەس گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی شەوی ڕابرووی تارانی پایتەختی ئێران، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٣ کەسیش برینداربوون، تاران-یش سێ ڕۆژ لە ئامادەباشیدا دەبێت.


کاتژمێر ٠٠:٤٨ خولەکی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ (بەکاتی تاران)، بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.١ پلەی ڕیختەر لە قووڵایی حەوت کیلۆمەتری ژێر زەوی، لە نزیک تارانی پایتەخت ڕوویدا.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، دوای بومەلەرزەکە خەڵک ترساون و چوونەتە ناو شەقامەکان و تا بەیانی لەناو شەقام و پارکەکان یان لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان ڕۆژیان کردووەتەوە.

موجتەبا خالدی، وتەبێژی دامەزراوەی فریاکەوتنی ئێران، ڕایگەیاند: لە ئەنجامی بومەلەرزەکەدا تا ئیستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ کەسیش برینداربوون، یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵە کە لە کاتی ڕاکردن لە بومەلەرزەکە سەری بەر شتێک کەوتووە و گیانیلەدەستداوە، هەروەها ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵیش لە ئەنجامی ترس لە بومەلەرزەکە جەڵدە لێیداوە و گیانیلەدەستداوە.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕەزا کەرەمی سەرۆکی دامەزراوەی قەیرانەکانی تاران، ڕایگەیاند: بەهۆی مەترسیی ڕوودانی بومەلەرزەی دیکە، سێ ڕۆژ ئامادەباشی لە تاران ڕاگەیەندراوە.

ک.س