لە خانەقین باسی چۆنێتی پاراستنی ژینگە دەکرێت

لە شارۆچکەی خانەقین گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچوو، تێیدا باسی چۆنێتی پاراستنی ژینگە کرا و ئاماژە بەوە کرا، کە دەبێت هۆشیاری ژینگەیی بڵاوبکرێتەوە.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە ھۆڵی ڕووناکبیریی سەلام لە خانەقین، لەژێر دروشمی "دابونەریت لەنێوان قبوڵکردن و ڕەتکردنەوە"دا  گفتوگۆیەکی کراوە ئەنجامدرا.

عەباس ئەرکەوازی، بەڕێوەبەری ھونەری ماڵی ڕوناکبیری سەلام  بە ڕۆژنیوزی وت: لە کۆمەڵگاکەماندا کۆمەڵێک دابونەرێت ھەن، کە زیان بە ژینگە و تەندروستی دەگەیەنن و پێویستە بگۆڕدرێن.

ئەوەشی وت: بۆ نمونە نەبوونی ھۆشیاری ژینگەیی و فڕێدانی پاشماوەکان لەسەر ڕێگا و شوێنە گشتییەکان و نەپاراستنی ژینگە.

عەباس ئەرکەوازی وتیشی: دەبێت میدیا و ڕێکخراو و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆڵی خۆیان ھەبێت لەپێناو ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە بواری تەندروستیی و ژینگەیی.


ک.ک