لە دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ١٢٠ دۆنم پوش و پاوان سووتان

لە سنوری شارۆچکەی قەرەداغ و شارەدێی سەنگاوی سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە ١٢٠ دۆنم پوش و پاوان و ٢٠٠٠ داری سروشتی سووتان.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سنوری پارێزگای سلێمانی ڕوویانداوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هێمن کمرخان ئەفەندی، بەڕێوەبەری هۆبەی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندووە، ئاگرێکی بەرفراوان لە گوندی (ئالیاوە) ی سەر بە شارۆچکەی قەرەداغ کەوتەوە دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە بەهاوکاری ئاگرکوژێنەوە و هاوڵاتیانی سنورەکە  توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام ئاگرەکە بووەتە هۆی سوتانی نزیکەی ٢٠ دۆنم پوش و پاوان و سێ باخی میوە، هاوڵاتیەکیش بەتۆمەتی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە دەستگیرکراوە.

پۆلیسی دارستان، ئاشکراشیکردووە لە ڕووداوێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوەدا لە شاخی سەگرمە لە سنوری گوندەکانی (ڕەبات، داربەڕوو، قەڵاگە)ی سەر بە شارەدێی سەنگاو ئاگر کەوتوەتەوە و دوای گەشتنی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەنگاو سوتانی نزیکەی ١٠٠ دۆنم پوش و پاوان و ٢٠٠٠ داری سروشتی توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت، بەڵام تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نادیارە و لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بەردەوامە .

ک.س