لە دینارتە زۆرترین ڕێژەی بەفر باریوە

لە شەوی ڕابردووەوە تا ئێستا زۆرترین ڕێژەی بەفربارین لە شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ تۆمارکراوە و گەیشتوەتە ٥٥ سانتیمەتر، ئەوەش زۆرترین ڕێژەی بەفربارینە لە ئەمساڵدا تۆمارکراوە.


بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفربارینەی چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، شەوی ڕابردوو شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک، بڕی ٥٥ سانتیمەتر بەفری لێ باری و بەهۆی ئەوەشەوە ڕێگای سەرەکی شارەدێكە داخراو پەیوەندی لەگەڵ گوندەکانی دەوروبەری و قەزای ئاکرێ پچڕا.

بەیانی ئەمڕۆ، شارەوانیی دینارتە هەڵمەتێکی بۆ پاککردنەوە و کردنەوەی ڕێگەی سەرەکی چیای پێرس بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی هاووڵاتییان دەستپێکرد و توانی ڕێگاکە بەڕووی هاتووچۆی هاوڵاتیاندا بکاتەوە.

شارەوانیی دینارتە داوا لە هاوڵاتییان دەکات بە وریاییەوە رێگاکە بەکاربهێنن و بۆ کاری پێویست نەبێت هاتووچۆ نەکەن، چونکە ئەگەری بارینی بەردەوامی بەفرو بەستنی ڕێگاکە، کێشەی زیاتر بۆ هاوڵاتیان دروستدەکات و تیمەکانیش بە ئەستەم دەتوانن بە هانای هاوڵاتیانەوە بچن.

ڕێگەی چیای پێرس، هەردوو دەڤەری ئاکرێ و بارزان پێکەوە دەبەستێتەوە، شەوی ڕابردوو نزیکەی ٥٥ سانتیمەتر بەفر لەو ناوچەیە باری، ئەوەش زۆرترین ڕێژەی بەفر بارینە لە دوای شارەدێی حاجی ئۆمەران کە بەیانی ئەمڕۆ ڕێژەکەی گەیشتبووە ٥٠ سانتیمەتر.

ک.س