لە زنجیرە ئاگرکەوتنەوەیەکدا زەوی و زاری ٢٩ گوند سووتان

نزیکەی ١٠٠ هەزار دۆنم زەوی و زاری هاوڵاتیانی ٢٩ گوندی تربەسپی ڕۆژئاوای کوردستان لە زنجیرە ئاگرکەوتنەوەیەکدا سووتان.


دوێنێ لە زنجیرە ئاگر کەوتنەوەیەکدا لە تربەسپی ڕۆژئاوای کوردستان، زەوییە کشتووکاڵییەکانی گەنم و جۆی ٢٩ گوند سووتان و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.

لەو ٢٩ گوندەی کە دەغڵودانەکانیان سووتاوە، زەوی و زارەکانی ١٨ گوند بە تەواوەتی سووتاوە و بەگشتی نزیکەی ١٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی سووتاون.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئاگر لە زەویوزارەکانی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەوێتەوە و کاربەدەستانی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی ڕایانگەیاندووە، کە زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان بە ئەنقەست دەکرێت، پێشتریش چەتەکانی داعش ڕایانگەیاندبوو، کە دەستیان هەیە لە سووتاندنی ئەو زەوی و زارانە و ئەوەش لە تۆڵەی شکشتەکانیان دەکەن.

هاوڵاتیانیش باسی ئەوە دەکەن، کە بینیویانە کەسانی سەر بە ڕژێمی سوریا ئاگر لە زەوی و زارەکان بەردەدەن، بۆ ئەوەی گورزی ئابوری لە ناوچەکە بدەن و دوژمنایەتی خەڵکەکەی بکەن.

س.ح