لە زۆنی زەرد ئازادیی لە دۆخێکی مەترسیداردایە

قەدەغەکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و کاری سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێر و بادینان ڕۆژ بە ڕۆژ قۆناغی نوێتر دەبڕێت و زیاتر دەبێت، چاودێرێکی سیاسییش دەڵێت: ئازادیی لە هەولێر، لە دۆخێکی مەترسیداردایە و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش ئاماژەی بۆ دەکەن.


قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسیی و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی چالاکوانان دیاردەیەکی ئاشکرای هەرێمی کوردستانە و تەمەنی لەگەڵ تەمەنی حوکمڕانیی هەرێمدایە، ئەم دیاردەیە لە هەولێر و بادینان بەشێوەیەکی زۆر زەقتر دەبیندرێت، بە ڕادەیەک هەندێک جار چالاکوانی سیاسیی ڕادەستی دەوڵەتی داگیرکەر کراوە.

 دەستگیرکردنی چالاکوانانی باکوری کوردستان و ئەندامانی هەدەپە و ڕادەستکردنەوەی هەندێکیان بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و شاربەدەرکردنی ئەوانی دیکە لە دهۆک و هەولێرەوە بۆ سلێمانی، سنووربەدەرکردنی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستگیرکردنی خوێندکارانی مەخمور لە هەولێر، نمونەی قەدەغەی چالاکیی سیاسییە لەو سنوورە.

ئەندامێکی هەدەپە

لە هەولێر و بادینان ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی کاری سیاسیی تەنیا لە هاوڵاتیانی پارچەکانی دیکەی کوردستان قەدەغە ناکرێت، بەڵکو هاوڵاتیان و تەنانەت لایەنەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ش قەدەغە دەکرێت، یەکێک لەو ڕێگرییانەی کە لە هەولێرت کرا و شکۆی هەرێمی کوردستانی پێ لەکەدار بوو ڕێگرییکردن بوو لە د.یوسف محەمەد، سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ١٢/تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، بەهۆی ئەوەی کارەکانی بەگوێرەی خواستی (پ.د.ک) نەبوو، بەوهۆیەشەوە پەرلەمان ماوەی دوو ساڵ داخرا.

یوسف محەمەد

هەروەها، بەهۆی ئەوەی دەیویست بەشداریی خۆپیشاندانێک بکات وەک ناڕەزایی لەبەرامبەر خراپیی دۆخی ئابووریی پێشمەرگە، شەوی ٢٦/ئەیلولی ٢٠١٦ ئاسایشی پ.د.ک سەری پێشمەرگەیەکیان بەناوی هێمن بنەسڵاوەیی تاشیی و لە هەولێر شاربەدەریان کرد.

هێمن بنەسڵاوەیی

نمونەکانی قەدەغەکردنی ئازادیی سیاسیی و ڕادەربڕین زۆرن و بۆ ئەو مەبەستە هەموو جۆرە ڕێکارێک گیراوەتەبەر، کە لە ڕابردوودا گەیشتە ئاستی تیرۆرکردن ڕۆژنامەنووسان سەردەشت عوسمان و وەدات حسێن-یش نمونەی ئەو کەسە تیرۆرکراوانەی هەولێر و بادینان-ن.

سەردەشت و وەدات

حاڵەتێکی دیکە دەستگیرکردنی زیاتر لە ١٠٠ چالاکوانی بادینانە لە شیلادزێ و دهۆک لە ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەم، ئەویش بەهۆی ئەوەی بەشێکیان بەشدارییان لە ڕاپەڕینەکەی دژ بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک کردبوو، بەشیکیشیان دەیانویست لە گردبوونەوەیەکدا لە دهۆک پشتیوانیی ئەو ڕاپەڕینە بکەن،  تا ئێستاش ١٨ ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە زینداندان و ئازاد نەکراون.

دەستگیرکراوانی بادینان

نوێترین نمونە هێرشکردنە سەر ژنانی ئەنجومەنی عەشتارە، کە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی مانگرتن لە خورادن دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارنی کوردستان- پەکەکە، ڕۆژی ٣٠/کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر مانیان گرت و ڕەزامەندیی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان وەرگرت، بەڵام دوای ٢٤ کاتژمێر لەلایەن ئاسایشی هەولێرە هێرشیان کرایە سەر و چادرەکانیان هەڵگیرا، ژنان سوربوون لەسەر بەردەوام بوون لەسەر چالاکییەکەیان و لەبەر سەرما شەو و ڕۆژیان بەسەردەبرد.

ژنانی ئەنجومەنی عەشتار

جارێکی دیکە و شەوی ٦ی شوبات هێرشی کردەوە سەر چالاکوانانی بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و پێنج چالاکوانی دەستگیرکرد، دواتریش هەموویانیان بەزۆر خستە ناو ئۆتۆمبێل و لە سنووری هەولێر بەڕئاڕستەی مەخمور-دا کردنیانە دەرەوە.

ئەمانە چەند نمونەیەکی قەدەغەکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و چالاکیی سیاسییە لە هەولێرو بادینان و سەدان حاڵەتی دیکەی هاوشێوەش هەن، چاودێرانی سیاسیی-ش پێیانوایە، دۆخی ئازادیی لە هەولێر لە مەترسیدایە.

كەمال ئەسكەندەر، چاودێری سیاسیی بە ڕۆژنیوزی وت:"ئازادییەكان بە گشتیی و ئازادیی سیاسیی و ڕادەبڕین بەتایبەتیی، لە هەرێمی كوردستان بەرەو مەترسیی دەڕوات، ساڵانی پێشتر باشتر بوو، بەراورد بە ئێستا بە فروانتر دەتواندرا كاری حزبیی بكرێت".

کەمال ئەسکەندەر

"ئازادیی تایبەت لە هەولێر، لە دۆخێکی مەترسیداردایە".

کەمال ئەسکەندەر، وتیشی: دەسەڵات بەتایبەت کار لەسەر ئازادیی سیاسیی دەکات، ئەگەر کەس یان لایەنێک جیاوازیی سیاسیی دەربخات،  ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەبكرێـت كە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوە مەدەنییەكانیش، باس لەوە دەکەن کە ئازادیی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و تایبەت هەولێر، لە دۆخێکی مەترسیداردایە.

"لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات نەیانتوانیوە جێگرەوەیەکی باش بن"

ئەو چاودێرە سیاسییە، پێشیوایە، لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات نەیانتوانیوە جێگرەوەیەکی باش بن و جۆرێک لە ڕادەستبوون بە ئیرادەی دەسەڵات هاتووەتە ئاراوە، ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش لە پاشەکشەدان و بێدەنگن لەبەرامبەر پێشێلکارییەکان، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی حزبی دەسەڵاتدار هەرچییەکی بوێت بەرامبەر بە خەڵک بیکات.

ش.ف